کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووکاندارانی کوردی بازاڕی سووتاوی نەغەدە داوای هاوکاری لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکەن

15:53 - 6 پووشپەڕ 2723

بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی ئەمین لە شاری نەغەدە، زیاتر لە سەد دووکان سووتان و دووکاندارانی کوردی ئەو بازاڕە داوای یارمەتی لە خەڵکی کوردستان دەکەن، چونکە هیچ هیوایەکیان بە پشتیوانیی حکوومەت نییە.

بەهۆی ئاگرەکەی شەوی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ هەتاوی، لە بازاڕچەی ئەمین لە شاری نەغەدە، زیانێکی زۆری ماڵی بەر خەڵک کەوت و زیاتر لە ١١٠ دووکان بە تەواوی لە ئاگردا سووتان و هەر دووکاندارێکیش زیاتر لە یەک میلیارد تمەن زیانی بەرکەوتووە.

ئەوانەی لەو بازاڕەدا دووکانیان هەیە، کوردانی نەغەدەن و ڕایانگەیاندووە کە "ئەوەی هەیانبوو سووتاوە"، بۆیە داوای هاوکاری لە هاونیشتمانییانی کوردستان دەکەن.

دووکاندارانی ئەو بازاڕە باسیان لەوەش کردووە کە "ئەگەر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی نەغەدە پێداویستیی پێویست بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان لەبەردەست بووایەت، زیانەکان زۆر کەمتر دەبوون." 

بە وتەی دووکانداران، بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ میلیارد تمەن، تەنیا شتومەک سووتاوە و زۆربەی دووکاندارانی ئەم بازاڕە، کەسانی گەنج و کرێچین و ئاگر بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و ماندووبوونیانی کردە خۆڵەمێش.

شایانی باسە کە لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا، ٣٥ کەس کە زۆربەیان خاوەن دووکانەکان بوون لە کاتی چۆڵکردنی بازاڕچەکە، بەهۆی گازی مۆنۆئۆکسیدی کەربۆن ژەهراوی بوون و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کران.

هاووڵاتییان و بازاڕییانی شاری نەغەدە ئەو ئاگرکەوتنەوەیان بەئەنقەست و بە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ داوە و بە تۆڵەی ڕێژیم لە بازاڕییانی ئەو بازاڕچەیە دەزانن کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا، هاوڕا و وێڕای خەڵکی کوردستان و ئێران لە مانگرتنەکاندا بەشدار بوون.