کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی ناخهەژێنن

11:16 - 13 جۆزەردان 2723

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، سەبارەت بە ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی وتی: ئەو ئێعدامگەلە ناخهەژێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی "حال‌وەش"، ڕۆژی هەینی ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان لە خوتبەکانیدا بە ئاماژەدان بە ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و قسەکانی حوسێن مورتەزەوی زەنجانی، بەرپرسی بەندیخانەکانی ئێڤین و گەوهەردەشت لەو ساڵانەدا، ئێعدامەکان لەلایەن دەسەڵاتەوەی بە ناخهەژێن وەسف کرد و وتی: ئەو جینایەتگەلەی کە لە بەندیخانەکاندا ڕوو دەدات دەبێتە هۆی بێ متمانەیی بە ئیسلام و نابێ مامۆستایانی ئایینی لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگی هەڵبژێرن.

مەولەوی عەبدولحەمید، بە ڕەخنەگرتن لە پێویستی و گڕێدراویی مامۆستایانی ئایینی و حەوزە عیلمییەکان بە دەوڵەتەوە وتی: پێویستیی ئابووریی مامۆستایانی ئایینی بە دەوڵەتەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەیکە مامۆستایانی ئایینی نەتوانن باس لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە بکەن و بەردەوام چەواشەی ڕاستییەکان دەکەن.

ناوبراو هەروەها وتیشی، ناوەندە ئایینییەکان دەبێ سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و ڕوو بە مامۆستایانی ئایینی وتی: حکوومەتەکان و دەوڵەتەکان بە درێژایی مێژوو دێن و دەڕۆن و هیچ نیزامێک تا قیامەت نامێنێت، بۆیە مامۆستایانی ئایینی دەبێ پاڵپشت و پشتیوانی خەڵک بن.

مەولەوی عەبدولحەمید لە کۆتایی خوتبەکەیدا جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە خەڵکەکە بسپێرن و پێویستە ڕیفراندۆمێک بکرێت.