کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی شۆرای سێنفیی مامۆستایان سەبارەت بە محاکمەی بە کۆمەڵ و دەرکردنی سزای زیندانی بۆ مامۆستایان

15:57 - 6 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕ، شۆرای سێنفیی مامۆستایان لە بەیاننامەیەکدا بەرامبەر بە دادگاییکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنی حوکمی نادادپەروەرانە بۆ مامۆستایان ناڕەزایەتیی دەربڕی و داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کۆتایی بەو ڕەوتە بهێنن.

ئەم بەیاننامەیەی شۆرای سێنفیی مامۆستایانی ئێران دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە دادگای ئینقلابی شیراز بە کۆی گشتی ٣٤ ساڵ زیندانی بەسەر ٨ مامۆستا کە ئەندامی شۆرای سێنفیی فەرهەنگییانی پارێزگای فارسن، سەپاندووە.

پێشتر شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دادگاییکردنی بەکۆمەڵی مامۆستایانی ناڕازی، جەختی لەوە کردەوە کە لەژێر گوشاری ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، سزای قورسی زیندانی بۆ مامۆستایان دەرچووە.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا، شۆرای سێنفیی مامۆستایان جەختی لەوە کردەوە کە "شەپۆلی نوێی بانگکردن و تۆمارکردنی دۆسییە و فەرمانی دەرکردن و دەرکردنی سزای زیندانی بۆ چالاکانی سێنفیی مامۆستایان، لە کاتێکدایە کە دەسەڵات دەزانێت کە ئەم هەڵسوکەوتانە لە ئیرادەی کۆمەڵگەی مامۆستایان و چالاکانی سێنفی کەم ناکاتەوە و زیاتر لەسەر مافەکانیان پێداگر دەبن.

شۆرای سێنفیی مامۆستایان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەگەر سەرکوتەکان کاریگەرییان هەبووایەت، دوای هەڵسوکەوتە توندەکان لە سەرەتای ساڵی ٥٧ی هەتاوی و دەرکردنی زۆرێک لە مامۆستایان و دوای ئەوەش هەڵبژاردنی سەخت (گزینش سخت)، نەدەبوو هیچ مامۆستایەک بچێتە ڕیزی چالاکانی سێنفییەوە، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و مامۆستایان بە دروستکردنی ڕێکخراوەی سێنفی و مەدەنی بوون بە هێمای خەباتی ئاشتییانە و بە داگیرکردنی شەقامەکان، مافە خوراوەکانی خۆیان و قوتابییان و کۆمەڵگەیان هاوار کرد.