کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ١٧ شاری ئێران

17:50 - 6 پووشپەڕ 2723

لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری، ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە دابەزینی بەردەوامی دۆخی ژیان زیاتر پەرەی سەندووە و جگە لە ناڕەزایەتیی کرێکاری، خانەنشینکراوان لە ماوەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا لانیکەم ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژێک دوای دادگاییکردنی ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی خووزستان لە دادگای ئینقلابی ئەهواز، بە تاوانی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە برسێتی، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، پیشەسازیی فولاد، مامۆستایانی خانەنشین و خانەنشینکراوانی موخابرات، لانیکەم لە ١٧ شاردا هاتنە سەر شەقامەکان و سەبارەت بە دۆخی نالەباری ژیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە شاری ئیسفەهان، خانەنشینکراوانی موخابەرات ڕوو بە بەرپرسانی بونیادی سپای پاسداران ڕایانگەیاند: ''ئێمەی خانەنشینکراوان لە کۆبوونەوە بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی مافی یاسایی خۆمان بەدەست دەهێنین."

جگە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان، ناڕەزایەتیی کرێکاران لە دژی دواخستنی حەقدەست و نەبوونی ئەمنیەتی کار و بێکاریی بەکۆمەڵ بەردەوامە و ڕۆژی دووشممە ٥ی پووشپەڕ کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە، نەساجیی بروجێرد و پێرسۆنێلی شیرکەتی ڕفاهی تەورێز ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جگە لە دۆسییەسازی و دەرکردنی سزای قورس بۆ سەر ناڕازییان، هیچ وڵامێکی بە داواکاریی توێژەکانی ناڕازی کۆمەڵگە نەداوەتەوە.