کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران

11:07 - 7 پووشپەڕ 2723

لە درێژەی دیدار و وتووێژی شاندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی چەپی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕ، کۆبوونەوەیەک لە ئاستی ڕێبەرایەتیی ئەو دوو حیزبە لە پاریس بەڕێوە چوو.

لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات و شاهۆ حوسێنی، نوێنەری حیزب لە پێوەندی لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و لە حیزبی چەپی ئێرانەوە، پەرویز نەویدی، محەممەد ئەعزەمی و بێهرووز خەلیق، ئەندامانی هەیئەتی سیاسی- بەڕێوەبەریی ئەم حیزبە، لەم دانیشتنەدا بەشدارییان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی حیزبی چەپی ئێران ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە کۆنگرەی سێهەم و پسەندکراوەکانی پێشکەش کرد و وڵامی پرسیارەکانی شاندی حیزبی دێموکراتیان دایەوە.

گفتوگۆی نێوان هەردوو شاندەکە لەسەر هاوکاری و هاوپەیمانییەکی بەرفراوانتر لە ڕەوتی کۆماریخوازەکان بوو. هەردوو شاندەکە لەسەر پێویستی و گرینگیی کۆکردنەوەی هێز بۆ تێکەوەپێچانی ستەمی ڕێژیمی ئێران و گۆڕینی بە کۆمارێکی سێکۆلار و دێموکرات، جەختیان کردەوە.

لابردنی هەڵاواردن کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکان و لە هەموو ئاستەکاندا بەکاری هێناوە و خەبات بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و باشترکردنی دۆخی خەڵکانی ئێران، دوو تەوەری گرینگ بوون کە جەختیان لەسەر کرایەوە. هەر دوولایەن لەسەر هێڵ و تەوەرە گشتییەکان و بناغە سیاسییەکانی دروستبوونی ڕەوتە کۆمارییخوازە جۆراوجۆرەکان کۆک بوون و بڕیار درا وتووێژ لەسەر گرینگترین بناغەکانی دروستبوونی ئەو ڕەوتانەدا درێژەی پێ بدرێت.

لە وتووێژەکاندا هیوایەک هەبوو کە بە تێگەیشتن لە هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران و وڵامدانەوەی داواکارییەکانی، ئەم هەنگاوە خێراتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەری پێکهێنان و سەرهەڵدانی هێزی کۆماریخوازی بەهێزتر دابین بکرێت.

ئەوەی لەسەری ڕێککەوتن هەبوو ئەوە بوو کە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، دەستی حکوومەتی فێڵباز و گەندەڵ و چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی زیاتر و بەربڵاوتر بۆ خەڵکی وڵاتەکەمان ئاشکرا بوو و پێوەندیی خەڵکی سەرانسەری ئێران بە یەکترەوە و لەگەڵ خەڵکی ناوچە نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی بێ وێنە و ئومێدبەخش بەهێزتر بووە.

هەروەها هەر دوو حیزب لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە دەبێ هێزی بەرفراوانتری کۆماریخوازەکان بخرێنه مەیدانەوه هاوڕا بوون. بۆیە دیالۆگ بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری و ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی لایەنگری دێموکراسی بە پێویست زانرا.

لە کۆتاییدا، گفتوگۆیەک سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان کرا و هەردوولا وێڕای مەحکوومکردنی هەوڵە نیزامییەکان لە پێوەندییەکاندا کە پێویستە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، هیوایان دەربڕی کە هەردوو لایەنی کۆمەڵە بە وتووێژ و لێک تێگەیشتن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

شاندی نوێنەرانیەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی نوێنەرایەتیی حیزبی چەپی ئێران

٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢