کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری ڕاوێژکاریی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئازەربایجان داخرا

17:24 - 13 جۆزەردان 2723

لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و باکوو، ڕاگەیەندراوەکانی نێوخۆی ئێران ڕایانگەیاند کە دەفتەری ڕاوێژکاریی ڕێژیمی ئێران لە پێتەختی ئازەربایجان داخرا.

میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حکوومەتەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕاوێژکاری فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامی لە باکووی پێتەختی وڵاتی ئازەربایجان دەر کرا، هەروەها نووسینگەکەشیان داخست.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە لەبارەی ئەو هەنگاوەی کۆماری ئازەربایجان وتی: داخرانی نووسینگەی ڕاوێژکاریی فەرهەنگیی ڕێژیمی ئێران لە باکوو دوای دەرکردنی نوێنەری ئەو ڕێکخراوەیە بەو هۆکارە بوو کە لەو دواییانەدا گرژییەکانی نێوان تاران و باکوو پەرەی سەندووە و ئازەربایجان پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی خراپیدایە.

شایانی باسە کە ٣ ساڵ پێش، لە دوای شەڕی قەرەباغ، پێوەندیی کۆماری ئازەربایجان و ڕێژیمی ئێران تووشی کێشە بوو و دواتر ڕێژیمی ئێران بە بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازی لە نزیک سنووری ئازەربایجان و هێرشی چەکدارانە بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجان لە تاران، پێوەندیی ئەو دوو وڵاتەی تووشی ئاڵۆزیی زیاتر کرد.