کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

10:08 - 8 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۶ی پووشپەڕی ۱۴۰۲ی هەتاوی، کاک "سەعد ئەیووبی"، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و زیندانیی سیاسیی پێشوو، هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەکەی، خاتوو "کەژاڵ ئەیووبی"، لە ڕێگای بۆکان ـ مەهاباد تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و بەداخەوە هەردووکیان گیانیان لەدەست دا.

کاک سەعد ئەیووبی لەدایکبووی ساڵی ٤٨ی هەتاوی، کوڕی مەلا سەعید و برازای مەلا قادرە. باوک و مامی هەر دووکیان لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف بوون و دواتر و پاش مەرگی مەلا سەعید، مەلا قادری برای و تاقانە کوڕەکەی، ڕەسووڵ، بوون بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات. کاک ڕەسووڵ لە شەڕی ئەربەنووسدا شەهید بوو و مەلا قادر تا دواساتەکانی تەمەنی، ئەندامی حیزبی دێموکرات مایەوە.

هەروەها برایەکی کاک سەعد بە ناوی "حەمزە" کە ئەندامێکی چالاکی حیزب بوو، ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی گیرا و ماوەی چەندین ساڵ لەژێر ئەشکەنجەی ڕێژیمدا بوو و بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە شەهید بوو.

کاک "سەعد ئەیووبی" ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی پێوەندیی تەشکیلاتیی لەگەڵ حیزبی دێموکرات دروست کرد، پاشان لە ساڵی ١٣٩٠ بۆ ١٣٩١، وەک پێشمەرگە هاتە نێو ڕیزەکانی حیزبەوە. دواتر گەڕایەوە ناوخۆ و وەک ئەندامی حیزب و چالاکی تەشکیلاتی، لە هەموو ناوچەکانی ئاڵەشین و چۆمی مەجیدخان و ناوشاری بۆکان هەڵسووڕانی بوێرانە و شۆڕشگێڕانەی هەبوو.

ناوبراو وەکوو ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ لە نێوخۆی کوردستان، لێهاتوویی و کارامەیی خۆی لە بواری ڕاپەڕاندنی کاری تەشکیلاتی و حیزبیدا نیشان دا، بە شێوەیەک کە هەر ئەرک و مەئموورییەتێکی حیزبی کە پێی ئەسپێردرابێت، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوەی بردووە و قەت لە بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبی و تەشکیلاتیدا درێغیی نەکردووە.

شایانی باسە کە خاتوو "کەژاڵـ"ـی هاوسەری کاک سەعد، یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاروباری حیزبیدا، هاوکاری هەمیشەیی کاک سەعد بووە.

بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا لەوە زیاتر خزمەت بە نیشتمان و گەلەکەیان بکەن و درێژەدانی ئەو ڕێگایەیان بە هاوبیر و هاوڕێیانیان سپارد.

تەرمی کاک سەعد و هاوسەری بەڕێزی، لەنێو ئاپۆرای خەڵکی بەئەمەگی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکار و بنەماڵەی کاک سەعد و خاتوو کەژاڵ دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.