کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

11:08 - 8 پووشپەڕ 2723

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و سنە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسموو و هاوڕێیانی لە "ئاواییەکانی تاڵاو، هوبەی تاڵاو، مەرجان ئاوا، جەفعەر ئاباد، حاجی حەسەن، خێڕاوا، تازەکەند، گەوجاوا، گەزەڵێن و دێ‌وەیس ئاغا"ی سەر بە ناوچەی "شاماتـ"ـی مەهاباد، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا و یادی ڕێبەری ناودار و بلیمەتی کورد، دوکتور قاسملوویان بەرز نرخاند.

ئەندامانی حیزب لەو ناوچەیە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، ئارمی حیزبی دێموکرات و نووسینی دروشمگەلی "قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە و سڵاو لە قاسملوو''، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری بۆکان لە ئاوایی "سەراو" و ئاوایی "ئەرمەنی بلاغی" ئاڵای کۆماری ئیسلامییان لەسەر قوتابخانەکانی ئەو ئاواییانە هێنایە خوارەوە و بەم جۆرە دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە نیشان دا.

هەروەها لە چالاکییەکی بەربڵاوی دیکەدا، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکانی چۆمی جەخەتوو، ئاڵەشین و چۆمی مەجیدخان، سەر بە بۆکان، ١٢ ئاڵای کوردستانیان لە ئاواییەکانی "قازیاخاوی، کانی سەوزە، ئاخجیوان، حاجیاباد، قانزالی، کانی کوزەڵە و گۆکتەپە" هەڵ کرد و لەسەر گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد پێداگرییان کردەوە.

هاوکات لە چالاکییەکی دیکەدا، ئەندامانی حیزب لە شاری جوانڕۆ، ئاڵای کوردستانیان لە چەند شوێنی ئەو شارە لەسەر دیوارەکان نەخشاند.

هەروەها لە شاری سنە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یادی شەهیدانی هەردەم زیندووی کۆساڵانیان بەرز ڕاگرت و لەگەڵ شەهیدانی نەمری کۆساڵان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "کەشاوەرز، خەسراوا، موارەکاوا، شارەک وەحدەت، کۆڵانەکانی شەقامی حەسەن‌ئاوا، ژاندارمری، چوارڕێیانی دایک، بەردەشت، چوارباخ، فەراح، کارئامووزی و کۆڵانەکانی فەیزاوا."

شایانی باسە کە ئەندامانی حیزب لە ئاوایی "سەرهوویە" سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.