کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دەستی بەسەر چەندین میلیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵی حیزبوڵڵا و سپای پاسداراندا گرت

11:45 - 8 پووشپەڕ 2723

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر چەندین میلیۆن دۆلار دراوی دیجیتاڵدا گرتووە کە تایبەتە بە حیزبوڵڵای لوبنان و سپای قودسی کۆماری ئیسلامی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئۆپراسیۆنێکمان بەڕێوە بردووە کە ئامانج لێی دەستنیشانکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارە سپیکراوەیە کە هی ئەو ڕێکخراوانەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها توانرا دەست بەسەر چەندین میلیۆن دۆلاردا بگیردرێت و ئەو پارەیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، هەموو بۆ ئیسرائیل گوازراوەتەوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە حیزبوڵڵای لوبنان  و سپای قودس و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریە، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک بە شێوەی مامەڵەی نایاسایی لە لایەنی سێیەم، دراوی دیجیتاڵیان (دراوی کریپتۆ) بەکار هێناوە و ئەمە یەکەمجارە کە ئۆپەراسیۆنێکی دارایی وەها بەرفراوان لە دژی حیزبوڵڵا و سپای قودس ئەنجام بدرێت.