کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆوە پێوەندیدارەکان بە مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران درێژ دەکاتەوە

16:09 - 8 پووشپەڕ 2723

یەکیەتیی ئورووپا بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە گەمارۆکانی دژی دروستکردنی مووشەکە بالستیکەکانی ئەو ڕێژیمە کە بڕیار بوو هەتا ١٨ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت، درێژ دەکاتەوە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی چوارشەممە ٧ی پووشپەڕ لە زاری چوار سەرچاوی دیپلۆماتیک بڵاوی کردەوە کە یەکیەتیی ئورووپا بە ڕێژیمی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە بە نیازە گەمارۆکانی پێوەندیدار بە دروستکردنی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران کە بەپێی ڕێککەتنامەی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ خرابوونە سەر ئێران و بڕیار بوو هەتا ساڵی ٢٠٢٣ لەسەر ئێران بن، درێژ بکاتەوە.

ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە، بۆ بەردەوامیی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ڕێژیمی ئێران، سێ هۆکاری وەک "بەکارهێنانی دڕۆنەکانی ئێران لەلایەن ڕووسیەوە دژی ئۆکراین، ئەگەری ڕاگواستنی مووشەکە بالستیکەکانی ئێران بۆ ڕووسیە و بێبەشکردنی ئێران لە سوودەکانی ڕێککەوتنی ناوکی، چونکە تاران ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی پێشێل کردووە"، لەخۆ دەگرێت.

ئەو هەواڵدەرییە لە درێژی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە پاراستنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا نیشاندەری هەوڵەکانی ڕۆژاوا بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکییە.