کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار وڵات، دۆسییەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپاوە، دەبەنە دادگای لاهە

10:37 - 9 پووشپەڕ 2723

چوار وڵاتی کانادا، بریتانیا، سوید و ئۆکراین، بۆ وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی دۆسییەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ئەو دۆسییەیە دەبەنە دادگای نێونەتەوەیی لاهە.

ئەو وڵاتانە شەش مانگ پێش داوایان لە تاران کرد تاکوو لەگەڵ داوەریی پابەندیهێنەر لە ڕێگای کۆنوانسیۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ پارێزگاری لە فڕۆکە بازرگانییەکان لەهەمبەر هێرشەکانەوە تەڕاحی کراوە، ڕەزامەندیی خۆی دەرببڕێت.

ئەو گرووپە دەڵێت، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم داخوازییەی ڕەت کردەوە، ئەم بابەتە بە زووترین کات بۆ دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری دەنێردرێت.

داخوازی بۆ داوەریی پابەندیهێنەر دوای چەند ساڵ دانوستانی ناسەرکەوتوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەبارەی پێبژاردن بە بنەماڵەی قوربانییان و وڵامدەرکردنی تاران، جێبەجێ کراوە.

ملانی جولی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کانادا، ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا نووسی: "کات تەواوە، بەوجۆرەی کە بەڵێنیمان بە بنەماڵەی قوربانییەکان دابوو، ئێران دەبەینە دیوانی نێونەتەوەیی دادگوستەری. ئێمە هەموومان خوازیاری ڕوونکاری، وڵامدەری و عەداڵەتین."

سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨، فڕۆکەیەکی ئۆکراینیی، تەنیا چەند دەقە دوای فڕینی، بە ١٧٦ سەرنشینەوە بە مووشەک کردە ئامانج و خستییە خوارەوە و هەتا ئێستا لەمبارەوە وڵامێکی ڕوونی نەداوەتەوە.