ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی کامێران، مەریوان و مەهاباد، بەبۆنەی ٢٢ی بووشپەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هەروەها بەبۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کۆساڵان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕ، لە شاری کامێران، ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملوو، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بەو بۆنەوە، یادی شەهیدانی ڤییەنیان بەرز ڕاگرت.
ئەو شوێنانەی کامێران کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ''شارەکی سەنعەتیی کامێران، شارەکی بێعسەت و فازی چوار.''
هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەریوان بە بڵاوکردنەوەی تراکت، یادی شەهیدانی حەماسەی کۆساڵانیان بەرز ڕاگرت و لەگەڵ شەهیدانی نەمری کۆساڵان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی مەریوان کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "پارکی میللەت، فەلەکەی ستادیۆم، فەلەکەی مامۆستا بێسارانی و کوچەی ئاگاهی."
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لە ناوچەی مەحاڵی شازدە و بەشێک لە ناوچەی شاروێران، لە ئاواییەکانی: ''بەفرەوان، قسقەڵا، ڕەسووڵ ئاباد، گردە قیت، دێمەروان، گردی، هەباس، کووڕاوا و چۆغانلوو'' بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.