کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: جینایەتکارانی هەینیی خوێناویی زاهیدان، دەبێ سزا بدرێن

12:27 - 9 پووشپەڕ 2723

مەولەوی عەبدولحەمید لە نوێژی جێژنی قوربان لە زاهیدان، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی سەربەخۆبوونی دەزگای قەزایی، داوای سزادانی جینایەتکارانی هەینیی خوێناویی شاری زاهیدانی کرد.

مەولەوی عەبدولحەمید، کەسایەتیی ئایینیی بەلووچستان و پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕ لە نوێژی وتاری ڕۆژی جێژنی قوربان، بە توندی ڕەخنەی لە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران گرت و وتی: ''دەزگای قەزایی و دادوەری دەبێ بێ لایەن و سەربەخۆ بن و دادوەر کاتێک سەربەخۆیە کە گوێ لە قسەی ڕێبەری ئەو وڵاتە نەگرێت.''

عەبدولحەمید بە ئاماژەدان بە ڕووداوی هەینیی خوێناویی شاری زاهیدان وتی کە بە تێپەڕینی ٨ مانگ لەو ڕووداوە، ‌‌هێشتا پیڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەو جینایەتە نەکراوە و بە چاوپێکەوتی هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان، خەڵک دڵیان ئارامی نەگرتووە و خەڵک کاتێک سوکناییان پێ دەدرێت کە جینایەتکاران سزا بدرێن.

ناوبراو لە نوێژی جێژنی قوربان باسی لەوەش کرد کە چاوی زۆرێک لە خۆپیشاندەران لە ئێراندا کوێر بووە یان لاقیان لەدەست داوە، هێزەکانی ڕێژیم مافی ئەوەیان نەبوو لەو کەسانە بدەن و بەنیسبەت ئەو کەسانە هیچ عەداڵەتێک لەبەرچاو نەگیراوە.

پێشنویژی هەینیی زاهیدان ئاماژەی بە گەندەڵیش کرد و وتی کە گەندەڵی وەکوو سەرەتان هەموو ئێرانی گرتووەتەوە و بۆ نێو دەزگای قەزاییش تەشەنەی سەندووە و ئەمە سیستماتیکە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە قسەکانی خۆیدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: بە دووری دەبینم بەو دۆخەی ئێستا خەڵک دەنگ بدەن، خەڵک لە هەڵبژاردن ناهومێد بوون و سەندووقی دەنگدان ناتوانێت کێشەکانیان چارەسەر بکات.