کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتگیریی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

09:39 - 15 جۆزەردان 2723

پارتی وڵاتپارێزەرانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاودەنگی و پاڵپشتیی خۆی لە ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی.

لە بەشگەلێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

هەروەک ئاگادارن ڕێژیمی دیکتاتۆر و تێرۆریستی ئێران لەگەڵ سەرهەڵدان و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆی چەخماخەی خۆپیشاندانەکان لە هەر هەموو جوغرافیای ئێرانە، هەوڵی لەباربردن و چەواشەکاریی ئەو شۆڕشەی داوە.

لە کەس شاراوە نییە کە هەموو ڕێکار و جینایەتێکی بەوپەڕی دڕندەییەوە بەرانبەر بە ڕۆڵە ڕاپەریوەکانمان لە ڕۆژهەڵات گرتە بەر و سەدان لاوی لێ شەهید کردین و بە هەزارانیش دەسبەسەر کراون و لەلایەکی ترەوە بە مەبەستی شەرعییەتدان بە خۆی، هێرشی نیزامی لە ڕیگەی مووشەک و دڕۆنەوە بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە پاساوی دوور لە ڕاستی ئەنجام داوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵات هیچ جۆرە جووڵەیەکی سەربازییان لە هەرێمی کوردستان بۆ ناو ڕۆژهەڵات و ئێران ئەنجام نەداوە.

لە هەمان کاتیشدا بەپێی هەموو کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستانی پێشێل کردووە و بەردەوام بە هەڕەشەی هێرشکردن و پەلامار بۆ سەر خاکی کوردستان و هەناردەکردنی هێزی سەربازی بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات، جارێکی تر بە تەمای کردەوەی تێرۆریستییە و دەیهەوێت سەروەریی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان وێڕای مەحکووم و ڕسواکردنی کردەوەکانی  ڕێژیمی ئێران، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان و خوشک و برایانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بکەین و هاوکات داوا لە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەین دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بە گوێی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا و زلهێزانی جیهانی لە ناوچەکە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بگەیەنن و بە کۆدەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەیی ڕێگر بین لەم چەشنە هێرش و هەڕەشانەی ڕێژیمی ئێران.