کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان لە بەرامبەر سەرکوتی میدیایی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:10 - 11 جۆزەردان 2723

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان، وێڕای بڵاوکردنەوەی لیستی ڕۆژنامەوانانی دەسبەسەرکراو، سەرکوتی میدیایی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەی مەحکووم کرد.

"دۆمینیک پرادلیە"، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ڕۆژنامەوانان لە ئێرانی بە بێ‌بنەما ناو برد، داوای کرد کە ڕێژیمی ئێران هەموو تۆمەتەکانی دژ بە ڕۆژنامەوانان هەڵبووەشێنێتەوە.

ناوبراو هەروەها زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانانی بە نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زانی و ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەگەری تاوان نییە و کۆماری ئیسلامی پێویستە هەموو چالاکانی میدیایی ئازاد بکات.

"دۆمینیک پرادلیە"، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئێستا ١٣ ڕۆژنامەوان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زیندانی کراون، باسی لە لیستی نوێکراوی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو کە بە شێوەی حەوتووانە بڵاو دەکرێتەوە، کرد.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەوانان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای شۆڕشی ژیناوە، لانیکەم ٥٨ ڕۆژنامەوان لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.