کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی چۆنایەتیی خوێندن لەژێر سێبەری ناکارامەیی ڕێژیم و قەیرانی ئابووری

17:39 - 3 بەفرانبار 2725

ڕاپۆرتە فەرمییە بڵاوکراوەکان لەلایەن میدیاکان و دامەزراوەکانی سەر بە ڕیژیم، نیشاندەری قەیرانی ئابووری لە ئێرانن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دابەزینی چۆنایەتیی خوێندن، وازهێنان لە خوێندن و دابەزینی کوالێتیی پەروەردەی قوتابییان بووە.

ڕۆژنامەی ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە کە دابەزینی بوودجەی وەزارەتی پەروەردە لە پەنای دابەزینی داهاتی بنەماڵەکان، ڕاستەوخۆ توانای دەوڵەت و بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندنی قوتابییان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم کردووەتەوە.

بەوتەی کارناسان ئەم دۆخە ئاکامی ساڵانێک نابەرپرسیارەتیی ئابووری و گرینگینەدانی ڕێژیم بە پەروەردەی گشتییە.

هادی مووسەوی‌نیک، پەرپرسی گرووپی سیاسەتی پشتیوانیی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم بە ئاماژە بە دابەزینی ١٢ لەسەدیی تێچووە دەوڵەتییەکان بۆ پەروەردە لە درێژەی ١٥سالی ڕابردوودا جەختی کردووەتەوە کە بەشی تێچووی خوێندن لە سەوەتەی بنەماڵەکان لە لانیکەم چوار لەسەد لە دەیەی ١٣٩٠ـەوە بۆ دوو لەسەد لەم چەند ساڵەدا کەم کراوەتەوە.

ئەم دابەزینە ناڕوونە نەک لەبەر باشبوونی دۆخی بژێوی ژیان، بەڵکوو لەبەر دەسکورتیی بنەماڵەکان لە دابینکردنی کەمترین کەرەستەکانی پەروەردەیە.

لە دۆخێکدا کە هەڵاوسانی هەوسارپچراو، زیادبوونی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و دابەزینی توانای کڕین، ژیانی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی بەرتەسک کردووەتەوە، پەروەردەش بۆ میلیۆنان بنەماڵە بووەتە کاڵایەکی لووکس.

ئاکامی ئەم دۆخە نەک تەنیا دوورکەوتنەوە لە خوێندن زۆر دەکات بەڵکوو دابەزینی چۆنایەتیی خوێندنی ئەو قوتابییانەش زیاتر دەکات کە لە سیستمی پەروەردەدا ماونەتەوە.

وەزیری پەروەردە پێشتریش باسی لە بوونی لانیکەم ٩٥٠ هەزار قوتابی کردبوو کە وازیان لە خوێندن هێناوە و نوێنەرانی مەجلیسیش باسیان لە ئاماری شاردراوەی نزیک بە ٢ میلیۆن قوتابیی کردووە کە بۆ خوێندن ناویان تۆمار نەکراو.

دابەزینی نێونجی نمرەی خوێندکاران بە ئاکامێکی مەترسیداری ٨ تا ١٠ نیشانەیەکی دیکە لە دابەزینی چۆنیەتی پەروەردە و ڕۆچوونی داراییە مرۆییەکانن لە ئێران.

کارناسان هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی ئەم ڕەوتە، هەژاری بە شێوەی نێوان بەرەیی دووبارە دەکاتەوە و دیمەنی سەرکەوتنەکانی بەرەکانی داهاتوو ناڕوونتر دەکات.