کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزب لە سێهەمین کۆنگرەی حیزبی چەپی ئێران

10:11 - 15 جۆزەردان 2723

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، بەشدارییان لە سێهەمین کۆنگرەی حیزبی چەپی ئێران "فدائیان خلق" کرد.

ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی خالید حەسەن‌پوور، ئەندامی ڕێبەریی حیزب، سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و سیاوەش محەممەدی، ئەندامی تیمی پێوەندییە ئاڵمانییەکان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی چەپی ئێران (فدائیان خلق) لە دووەمین ڕۆژی کۆنگرەی ئەو حیزبە کە لە شاری فرانکفۆرتی وڵاتی ئاڵمان گیرابوو، بەشدارییان کرد.

لە پانێلی یەکەمی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووەمی کۆنگرە، لە بەشی "بەڵگە سیاسییەکانی کۆنگرە" و لە خاڵی ١١دا، کۆنگرەی سێهەمی حیزبی چەپی ئێران (فدائیان خلق) سەبارەت بە مافی نەتەوەکانی ئێران، فیدرالیزمی وەک باشترین شێوەی گۆنجاو بۆ دیسنترالیزم و نەهێشتنی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئێتنیکی لە ئێران، پەسەند کرد.

لە بەشی دووەمی کاری کۆنگرەکەدا، خالید حەسەن‌پوور، ئەندامی ڕێبەریی حیزب باسێکی سەبارەت بە پێوەندیی حیزبی دێموکرات و لایەنە چەپ و دێموکراتەکانی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێرانی داهاتوودا بەبێ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران، هیچ شێوازێک لە دێموکراسی سەر ناگرێت و جێگیر نابێت.

ناوبراو لە نێوئاخنی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشداریی چالاکانەی ژنان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کرد و لەگەڵ ئاماژەدان بە ڕۆڵی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، باسی لەوە کرد کە ئێستا لە بواری چەندایەتیشەوە جگە لە بەشداریی ژنان لە ڕێبەریی حیزب لە کوردستان، بەرپرسی لێژنەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵاتیش خاتوونێکە. 

خالید حەسەن‌پوور سەبارەت بە یەکیەتیی ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن باسی لەوە کرد کە ئەزموونی چەندمانگی ڕابردووی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات ئەوەی نیشان داوە کە یەکگرتنی هەموو حیزب و لایەنەکان لە یەک هاوپەیمانیی هاوبەشدا هێندێک زەحمەتە و بۆیە پێویستە کە پێشتر ئەو لایەنانەی کە لە بواری فیکرییەوە زیاتر لەیەک نزیکترن کاری هاوبەش بکەن و پانتایی هاوپەیمانییەکانیان بەرە بەرە زیاتر بکەن.

حەسەن‌پوور هەروەها لەم پێوەندییەدا وتی: حیزبی دێموکرات سەنەدێکی ئامادە کردووە و دەیهەوێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئێسلامیی ئێران بە کۆدەنگییەک بگات و ئەو سەنەدە بباتە نێو هێزە کۆماریخواز و دێموکراتەکانی ئێران و بتوانێت یەکیەتییەکی دێموکراتیک پێک بهێنێت.