کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران، داوای دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکەن

10:52 - 15 جۆزەردان 2723

کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوان و ٨ ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان لە ڕێکخراوی جیهانیی کار کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕێکخراوەیە دەر بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینکراوان و ٨ ڕێکخراوی کرێکاری لە ئێران ڕوو بە ڕێکخراوی جیهانیی کار لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵک و کرێکاران لە ئێران پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، داوای دەرکردنی ڕێژیمی ئێران لەو ڕێکخراوەیە و کۆتاییهێنان بە نەرمینواندن بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە دەکەن.

ئەو داواکارییە کە لە دەستپێکی کاری سەد و یازدەهەمین کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوەیە پێشکەش بەو ڕێکخراوەیە کراوە، باسی لە هەژاری و بێ‌دەرەتانی لە ئێران و هەروەها کوشتن و دەسبەسەرکردنی چالاکان، منداڵان و قوتابییان بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کردووە و لەو ڕوانگەیەوە داوا لە ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ڕێکخراوەیە دەر بگەن.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە: نوێنەرانی ڕێکخراو و یەکیەتییە کرێکارییەکانی بەشدار لەو کۆبوونەوە، نوێنەرایەتیی ئێمە کرێکاران، مامۆستایان و خەڵکی ئێران ناکەن، بەڵکوو ئەوان نوێنەری حکوومەت و دەسەڵاتن.

جێگەی ئاماژەیە کە سەد و یازدەهەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی لە شاری ژێنێڤ تا ٢٦ی جۆزەردان بەڕێوە دەچێت.