کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سەربەستیی کوردستان جووڵەی هێز و هەڕەشە بۆ سەر بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستانی مەحکووم کرد

12:58 - 15 جۆزەردان 2723

پارتی سەربەستیی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ڕایگەیاندووە کە هەر جۆرە پەلاماردانێک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بە بیانووی پارتەکانی ڕۆژهەڵات، ئیدانە دەکەین و بە تێکدانی سەروەری بۆ سەر ئەو وڵاتە دەزانین.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

وەک لە میدیاکان بە ئاشکرا بڵاو کراوەتەوە کە چەند ڕۆژ پێش سپای پاسدارانی ئێران وەک پیشەی هەمیشەییان هەڕەشەیان بڵاو کردەوە، دواتریش چەند هێزێکیان بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان کردووە، بە مەبەستی هێرشی تۆپخانە و پەلاماری ئاسمانی بۆ سەر بنکەی پارتەکان و ئۆردوگای بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشووری وڵات. وەک هەموو لایەک دەزانین ئەوە بۆ یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئێران، بە بیانووی ناڕاست  پەلاماری شوێنی ژیانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی لەو بەشەی وڵات و ئەو دەسکەوتەی باشووری نیشتمان دەدات.

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنوورەکانی لەگەڵ حکوومەتی تاڵبانی ئەفغانستان، هەروەها لە وڵاتانی سووریە و شوێنانی دیکەشەوە بەردەوام گورزی گەورەی بەردەکەوێت، بەڵام ئەوان هەمیشە ڕق و کینەی شکست و دۆڕاوەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەردەبڕن.

پارتی سەربەستیی کوردستان زۆر بە توندی ئەو جۆرە پەلاماردانە بۆ سەر بنکە و بارەگای پارت و بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری وڵات ئیدانە دەکات. هەر جۆرە پەلاماردانێک بە پێشێلکاری بۆ سەروەری و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەزانێت.

لەو پێوەندییەدا وەک پارتی سەربەستیی کوردستان دەنگمان دەخەینە پاڵ بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داوا لە گشت لایەنەکانی بەرپرس لە باشووری وڵات، و هەروەها چاودێرانی جیهانی کە باڵوێزخانەیان لە عێراق و کۆنسولگەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، گیان و ژیانی بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پەلامار و سنووربەزاندنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزن، لەو پێوەندییەدا داوا لە وڵاتانی خۆیان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بکەن، کە لە ئاست ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی ئێران، بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی بە کردەوەیی پیشان بدەن.

بەو شێوە بۆ ئێرانی داگیرکەر و جیهانیش سەلمێندراوە کە شۆڕشی مافخوازیی گەلی کورد و کوردستان، چەندە ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی بە چۆکدا هێناوە. بەردەوام هەوڵیان داوە بە کوشتن و سێدارە و پەلاماردان بەر بە جووڵانەوە جەماوەری بگرن. زۆر لەمێژە سەلمێندراوە کە نەتەوەی کورد بە سێدارە و کوشتار واز لە بە دواداچوون بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەیان و مافی ڕەوای خۆیان ناهێنن.

لەو پێوەندییەدا پێویستە هەم ئێرانی داگیرکەر و هەم چاودێرانی جیهانیش، بیر لە چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسی نەتەوەیەکی مەزنی وەک کورد و کوردستان ببینرێتەوە، نەک شەڕ و پەلاماردان.