کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی بەرگری و پەلامار لە شۆڕشدا

16:05 - 15 جۆزەردان 2723

د. کامران ئەمین‌ئاوە

یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام لە لایەن بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە سەبارەت به شێوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێته گۆڕێ، جەختکردنەوە لەسەر شێوازی مەدەنی و ناتوندوتیژی، یان بە واتایەکی تر تێپەربوونی ئاشتیانە لەم حکومەتە و ڕەتکردنەوەی هەر چەشنە کردەوەیەکی توندوتیژە.

بێگومان هێزێکی سیاسیی جەماوەریی پێی خۆشه گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەبێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و تێچوویی گیانی ڕوو بدات، بەڵام ئەمە تەنیا ویستێکە و، ویست و هەڵوێستی لایەنێکی ململانیی تەنیا کاتێک وەدی دێ:

- هێز و لایەنی بەرانبەریشت بەرعۆدە و پابەند بێت بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ؛

- بنەمایەکی یاسایی بۆ گۆڕانکاریی ئاشتیانە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە هەبێت؛

- هێزی دەسەڵاتدار بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگە لە ئامرازی توندوتیژ بۆ سەرکوتکردنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان کەلک وەرنەگرێت؛

- یان هاوسەنگیی هێزی دژبەر لە کۆمەڵگەدا ئەوەندە به قازانجی هێزە چاکسازیخوازەکان شکابێ کە هێزی دەسەڵاتدار ئامادەی سازان و پاشەکشە بکات!

مخابن پێکهاته‌ی ئێستای حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران، تێکه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه ماددی (ئابووریی) و مەعنەوییەکان (ئایینیی)ی دەسەڵاتی ئێران (وەلیی فقیهـ و نوێنەرانی ئایینی دواکەوتووکانی شیعه‌) و هێزه چه‌کدارەکان (سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران، بەسیج و...هتد)، کردار و ئەزموونی زیاتر لە ٤ دەیە سەرکوتکردنی ئازادیخوازانی ئێرانی لەلایەن حکوومەتی ئایینیی تا ددان چەکداری ئێران، کە هەر بانگەوازێک بۆ ئازادی و دیموکراسیخوازی بە گوللەی قوڕقوشمی و زیندان و لەسێدارەدان وڵام دەداتەوە، هەروەها نەبوونی بەستێنێکی شیاو بۆ خەباتی مەدەنی و دیمۆکراتیک، ڕێگای گۆڕینی ئاشتییانەی سیستەمی دەسەڵاتدار دەبەستێ.

لە کاتێکدا:

- دەسەڵاتی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ، شوڕای نیگابان و کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام نوێنەرایەتیی حکومەتێکی ئیلاهییان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامی شیعە وەئەستۆ گرتووە، و دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران سازوکارە دێموکراتیکەکان بۆ هەر گۆڕانکارییەک لەم سیستەمەدا ڕەت دەکاتەوە، هەروەها هەر چەشنە بانگەوازێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بهپێی یاسا و ڕێسا ئیسلامیەکان دەخنکێنێ؛

- سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران، وەک هێز و ئامرازی ڕاستەقینەی مانەوەی حکومەتی ئیسلامی ئێران، نەک هەر میلیشیایەکی ئایدیۆلۆژیی هاوتەریب لەگەڵ سپا و ڕێکخراوی ئاسایشی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ئازادیخوازانی ئێرانه، بەڵکوو لە هەمان کاتدا مافیایەکی بەهێزی سیاسی-ئابووریه لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران؛

- هیچ بارودۆخێکی دێموکراتیک بۆ چالاکیی لایەن و هێزی بیرجیاواز لە کۆمەڵگەدا نییە و سەرکوتکردن و گرتنی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەرانی مەدەنی بۆتە شتێکی ئاسایی. نوێنەری ئەو کۆمەڵە و دامودەزگایانەی کە تەنانەت بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەیان پێ دراوە چالاکیی سنووردار لە بواری مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزی ئەنجام بدەن، هەروەها ئەو پارێزەرانەی کە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی و یاسایی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە بریگرتەکانیان بەردەوام بانگهێشت و دەستبەسەر دەکرێن، ڕەوانەی زیندانە ترسناکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی دەکرێن؛

زەحمەتە بەم باوەڕە بگەین حوکمڕانانی سیستەمی کۆنەپەرەستی ئایینی ئێران به پێی ویستی جەماوەری میلیۆنی ئامادەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە ڕێگەی گشتپرسییەکی دێموکراتیکەوە بن.

وێڕای ئەوەش، بڵێی لەم سات‌ و کاتە تایبەتییەدا خەباتی چەکداری بە تاکەشێوەی تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی دابندرێت؟ وەڵامەکە بە یەک وشە نەخێرە!

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێران و جیهاندا، ڕاپەڕینی چەکداری دەکرێ تەنیا وەک بەشێک لە هەڵمەت و پاڵنەری کۆتایی بۆ ڕووخاندنی پێکهاتە و دەسەڵاتی سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتدار کە لە بەرانبەر ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی جەماوەری خەڵکدا ئامادەی پاشەکشە نییه، لە بەرچاو بگیرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی بەرخۆدان و پەلاماری جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵات بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و هێرشکردنە سەر هێزە سەرکوتکەرەکان نییه.

کاتێک ڕۆڵەکانی ئەم خاک و ئاوە لە کوچە و کۆڵانەکانی ئێران لە کاتی دژایەتی و ناڕەزایەتیی ئاشتییانەدا، لەلایەن هێزی سەرکوتگەرەوە تەقەیان لێ دەکرێت، دیلەکان و ئەوانەی گیراون دەستدرێژی جەستەیی و سێکسییان دەکرێتە سەر و لە سەربانی باڵەخانەکانەوە فڕێ دەدرێنێ خوارێ؛ ناتوانرێ چاوەڕوان بکرێت کە خەڵک دەست لەسەر دەست دانێن و هەر تاوان و سووکایەتییەک لەلایەن ئەم هێزانەوە قەبووڵ بکەن. لێرەدایە، شێوازی ئاشتیخوازانە و توندوتیژ دەتوانن وەک دوو شێوازی خەبات تەواوکەری یەکتر بن.

مخابن کەم نین ئەوانەی به پێداگری لەسەر شێوەی خەباتی "ناتوندوتیژ"، هەر جۆرە خۆڕاگری و پەلامارێک وەک گوناحێکی گەورە لەقەڵەم دەدەن و هەندێک جاریش بەم بیانوویەی هێزە چەکدارەکانی ئێران "ڕۆڵەکان"ی! ئەم وڵاتەن، بەرگریی خەڵک لە خۆیان و هێرشکردنە سەر هێزی سەرکوتکەر لە پێناو پاراستنی گیانیان دەبەنە ژێر پرسیار و دەیدەنە بەر ڕەخنە. ویدەچێ ئەم ڕاستییە سادەیە لەبیر دەچێتەوە، ئەوانەی بە تفەنگ تەقە لە خەڵکی بێتاوان دەکەن و پەت دەخەنە ملی زیندانییەکان، به ماتۆڕسکیلت و ئامێری سەرکوتکردن لەسەر شەقامەکان دەسوڕێنەوە و دەبنه هۆی ترس و خۆف و، خەڵک هەراسان دەکەن، لە ڕاستیدا جینایەتکار و ڕۆڵەی ناڕەسەنن کە چەک بەدەست لە ڕیزی دوژمنی گەل، خەڵک و لاوانی وڵات کە گەورەترین چەکیان بەشداریی ئاشتیانە لە ڕێپێوان و مانگرتن و دروشمدان بۆ گۆڕانکاریی دێموکراتیک لە کۆمەڵگادایە، لە خوێن دەگەوزێنن.

لە لایەکی ترەوە مەگین سەربازەکانی سپای هیتلەر لە ئاڵمان، مۆسۆلینی لە ئیتالیا، فرانکۆ لە ئیسپانیا، پینۆشێ لە شیلی ڕۆڵه و هاووڵاتی ئەو وڵاتانە نەبوون کە دەستیان خوێنی هەزاران مرۆڤی شۆڕشگێڕ و بێتاوان سوور ببوو. ئایا ئەو پاسدارانەی لە خەرمانانی ١٣٥٨ لە گوندەکانی قارنا و قەڵاتان و ئیندرقاش گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ کرد، یان سپا و هێزە ئیتلاعاتییەکانی عێراق لە ڕووداوی ئەنفالدا لە ساڵی ١٣٦٦-٦٧دا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوردیان کۆمەڵکوژ کرد و زیاتر لە چوار هەزار گوندیان وێران کرد، منداڵ و هاووڵاتی ئەو وڵاتانە نەبوون؟!

ئایا سەرباز و پاسدار دەتوانن تەنیا لەبەر ئەوەی کوڕی ئەو خەڵکەن، لەبری ئەوەی لە ڕیزی خەڵکدا بوەستن و بەرگریی لێ بکەن، بە ڕاوەستان لە ڕیزەکانی هێزی وەدواکەوتووی کۆنەپەرەستدا، ڕێگە به خۆیان بدەن، سیلە لە خەڵکی بێتاوان بگرن و سینگیان هەڵدڕن، یان لە سنوورەکانی کوردستان و بەلوچستان و هتد، لەژێر ناونیشانی پارێزەرانی سنووردا، نەک هەر کۆڵبەری کورد و کاسبکارانی بەلووچ و خەڵکی بێتاوان، بەڵکو ئاژەڵە ماڵییەکانیشیان وەبەر گولله بدەن؟ هەمیشە و لە هەموو ساتێکدا، دەرفەتێکی گونجاو و مێژوویی بۆ هەمان سەرباز و پاسدار هەیە کە هاوشێوەی ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامەکان بۆ ئازادی خەبات دەکەن، سنوور و هێڵی خۆی دیاری بکات و بڕیار بدات خەڵکی وەبەر گولله بدات یاخود پەیوەست بێ به بەرەی خەڵکی ناڕازی.

بێگومان ناکرێ چاوەڕوانیی ئەوە بکرێت هەموو سەربازێک ئازایەتیی یۆزف شولتز، ئەو سەربازە ئاڵمانییەی هەبێ کە لە ٢٠ی ژوئیەی ١٩٤١ لە باشووری بەلگراد خۆی پاراست لە تیربارانکردنی پارتیزانە بەدیلگیراوەکانی یوگۆسلاڤیا و به ڕاوەستان لە ڕیزی پارتیزانەکاندا مردنی خۆبەخشانەی هەڵبژارد تا دەستەکانی بە خوێنی دیلەکان سوور نەبێت. بەڵام نابێ چاومان لەم ڕاستییە دابخەین، ئەو کەسەی تەقە لە منداڵانی شۆڕشگێڕی ئەم وڵاتە دەکات و بەشدارە لە ڕەوتی سەرکوتکردنیان، ناکرێ بە ڕۆڵەی شیرپاکی ئەو وڵاتە دابندرێت. ئەوانەی چاویان لەم ڕاستییە ئاشکرایە دادەخەن، لە ڕاستیدا بە ناوی پابەندبوون بە شێوازی ئاشتییانەی خەبات، شەرعییەت بەو کارانە دەدەن و ئاو لە ئاشی دوژمن دەکەن و بە چاو نووقاندن و پشتگوێخستنی ئاکاری هێزەکانی سەرکوتکەری سپای پاسداران و بەسیج و ئەوانی تر، بەتەمای دامرکاندنی ئاگری تووڕەیی جەماوەری خەڵک و دروستکردنی هەستی گوناح لەواندان. وا دیارە بە بڕوای ئەو جۆرە کەسانە، کردەوەی توندوتیژی هێزە سەرکوتگەرەکان تەنیا لەبەر ئەوەی سەربازن یان سەربازی پاسدارن، ڕەوایه و لە بەرانبەردا بەرگری و هێرشی خەڵکی سەرکوتکراو قەدەغەن و قبوڵنەکراوە!؟

کۆبەند:

١. هەڵبژاردنی شێوازی تێکۆشان لەدژی سیستەمێکی دیکتاتۆری ناتوانێ ڕەها بێت. لەسەر بنەمای بارودۆخی بابەتی و زەینیی تایبەت، ڕەنگە یەکێک لە شێوازەکانی خەبات سەرتر له شێوازەکانی دیکە یان تەواوکاری ئەوان جێ بگرێت. هێزێکی شۆڕشگێڕ دەبێ بزانێ کەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە خەبات دەکات و کەی پەلاماردانی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵات دەدات، و لە کاتی پێویستدا به کردەوەی توندوتیژ بۆ ڕووخاندنی حکومەتی دیکتاتۆر هەنگاو هەڵێنێ.

٢. لە نەبوونی بارودۆخ و بەستێنی پێویست بۆ خەباتی دێموکراتیک لە کۆمەڵگەدا، کردەوەی توندوتیژی ئەو جەماوەرەی لەسەر شەقامەکاندا خەبات دەکەن بۆ ڕووخاندنی ڕێژێمی دەسەڵاتدار، تایبەتمەندییەکی تایبەت بەدەست دەهێنێ و لە کاتی پێویست و بارودۆخێکی لەباردا، بەرەو قۆناغی ڕاپەڕینی چەکداری بچێت، یان گەشە بکات.

٣. بەرگری و بەرەنگاربوونەوە لەلایەن کەسانێکەوە کە شێوازی ناتوندوتیژی بەکاردەهێنن و ڕووبەڕووی سەرکوتی ئاژرانە و خوێناوی دەبنەوە، مافێکی حاشاهەڵنەگر، ڕەوا و تەواو پێویستە.

ناکرێ لەگەڵ ئەم بیرۆکەیە بین کە توورەیی و هەڵچوونی خەڵک دەتوانێ ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕووداوەکان و توندوتیژی زۆرتری هێزە سەرکوتکەرەکانی لێ بکەوێتەوە، چونکە هێزە سەرکوتگەرەکانی ئێران لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا لە بەکارهێنانی هیچ شێوازێکی نامرۆڤانە کۆتاییان نەکردوە:

- هەر لە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کوردستان، تورکەمەن سەحرا و خوزستان و سەرکوتکردنی لایەنگرانی خەڵکی موسڵمان لە پارێزگای تەورێز لە سەرەتای شۆڕشدا بگرە تا دەگاتە سەرکوتکردنی پارتە سیاسییەکان و گرتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی هەزاران ئەندام و لایەنگریان لە کۆتاییەکانی پەنجاکان و هەموو ساڵانی شەستەکاندا.

- تێرۆرکردنی سەدان کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەرانی مەدەنی لەسەر شەقامەکان، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی بۆ سەر زیندانییەکان، تێرۆرکردن و کوشتنی خەڵک لە سەردەمی بزووتنەوەی سەوزدا (ڕێبەندانی ١٣٨٩)، ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەرامبەر بە زیادبوونی سێ قاتی بەنزین (خەزەڵوەری ١٣٩٨)، بزووتنەوەی ژینا (مێهسا) (خەرمانانی ١٤٠١ تا ئێستا).

- مووشەکبارانی کەمپی پەنابەرانی کوردی ئێران و بارەگای سەرکردایەتیی حیزبە سیاسییە کوردییەکان لە کوردستانی عێراق (خەرمانانی ١٣٩٧، ڕەزبەری ١٤٠١ و هتد)

- تەنانەت خستنەخوارەوەی بەئەنقەستی فڕۆکەی مسافریی ئۆکراینی بۆینگ ٧٣٧ لە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن مووشەکە دژە فڕۆکەکانی سوپای پاسداران لە تاران کە بووە هۆی قوربانیبوونی هەر ١٧٦ سەرنشینەکەی.

لە هەموو ماوەی ساڵانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی دواکەوتووی سەدەی نێوەڕاستی خۆیدا، لە هەموو شێوازەکانی سەرکوتکردن بۆ لەنێوبردنی هێزە دژبەرەکانی کەلکی وەرگرتووە، و لە یەک کەلامدا چ ماوە هێزەکانی ڕێژیم لە حەق خەڵکی ئێراندا نەیانکردبێ که بەرگری و پەلاماری خەڵک بۆ سەر سەرکوتکرانیان ببێته هۆی خراپتربوونی زۆرتری بارودۆخی ئێستا؟

ئەگەرچی هیوا و ئارەزووی هێزە پێشکەوتنخواز و ئاشتیخوازەکان چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانە لەڕێگەی ئاشتیخوازانە، بەڵام لە کۆتاییدا هاوسەنگیی هێزە دژبەرەکان - شۆڕشگێڕ و دژە شۆڕش - لەکۆمەڵگەدا و هەڵسوکەوتی هێزە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ جەماوەری میلیۆنیی ناڕازی لە سیستەمی دەسەڵاتدار، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە هەڵبژاردنی شێوازی خەباتی هێزی ئۆپۆزیسیۆن.

بە شایەتیی مێژوو ئەگەر سیستمە دیکتاتۆرییەکان لە ناوەوە نەڕووخێن، بە پەنابردن بۆ هەموو شێوازەکانی سەرکوتکردن تا دواسات بەرگری لە دەسەڵاتی نادێموکراتیکی خۆیان دەکەن. لە هەمان کاتدا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ڕاپەڕین و شەڕەکان و کەلک‌وەرگرتن لە فۆرمەکانی خەباتی توندوتیژ هەمیشە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە و زۆربەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕشەکان دەرئەنجامی هەڵچوون و ڕقی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵک بووە.