کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین لە شاری سنە، سەردانی بنەماڵەی شەهید داریوش عەلیزادەیان كرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕیکەوتی ١٠ی جۆزەرادن، کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، سەردانی بنەماڵەی شەهید داریوش عەلیزادەیان كرد و یاد و ڕێبازی ئەو شەهیدەیان بەرز ڕاگرت.
بنەماڵەی شەهیدان بە لەسەرکردنی جامانە و بە دەستەوەگرتنی ڕۆڵە شەهیدەکانیان، یادی شەهیدانی ڕێگەی ئازادییان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاندەوە کە ڕێبازی شەهیدان هەر درێژە دەبێت و ئاواتەکانیان ودی دێت.
داریوش عەلیزادە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەڕی ١٤٠١، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوو، دواتر بەهۆی خوێنڕێژییەوە گیانی لەدەست دا.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، ١٢٣ هاووڵاتیی خەباتکار لە کوردستان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و ئەشکەنجەدانیان لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید کران. لەو کاتەوە خەڵکی بە شەرەفی کوردستان بە تایبەت بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان، بە هەموو شێوەیەک یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرتووە و بەردەوام پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکەنەوە.