برایم چووکەڵی
تۆ بڵێی ڕۆژێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئازاد بە کوێرایی چاوی نەیاران و دوژمنانی گەلی کورد، هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لە شار و لادێ، گەورە و چکۆڵە و، گشت تامەزرۆیانی ڕیگای ئازادی، پۆڵپۆل دەست بدەنە دەستی پێشمەرگەکان و وێڕای بنەماڵەی بەرێزی شەهیدەکان ڕوو بکەنە سەر گڵکۆی بە تارا و گوڵاڵەسوورە نەخشاوی شەهیدان، کڕنوشیان بۆ بەرن و بە دەنگی دڵیرانە و پڕ لە خۆشی و شادی بۆ سەرکەوتنی نەتەوە و، وەدیهێنانی ئامانجی ئەو شەهیدە هەمیشە زیندوانە هاوار بکەین و یەکدەنگ بڵێن:
"ئەی شەهیدان، ئەی شەهیدان
نامرێ ناو و نیشانتان
ئێوە بوونە ڕێبەری مە
بوونە پشت و سەنگەری مە...
پاشان بنەماڵەی شەهیدان بە شانازییەوە لە کاتێکدا دڵۆپدڵۆپ فرمێسکی چاویان دەڕژێتە سەر ئەو گڵکۆیەی خۆشەویستی ئەوان و خەڵکی کوردستان بەئارامی چووەتە خەوێکی ئەبەدییەوە، دڵنەوایی خەڵک و هاوسەنگەرە شەهیدەکانیان بدەنەوە. سەرئەنجام ڕۆژێکی وا لە گەلی کورد دادێ، ڕۆژێک دادێ نەتەوەکەمان بووکی ئازادی لە باوەش بگرێ و بانگی ئازادی لێ بدا و هاواری ڕزگاری و سەربەستی بە گوێی گەلانی دنیا بگەیەنێ. ئەو نەمرەی لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەدا یادی دەکەینەوە، شەهید سەدیق ئەدیمی لە ناوچەی هەوشارە کە بۆ ئەو ئامانجە بەرزە گیانی دانا.
شەهید سەدیق ئەدیمی ساڵی ١٣٤٢ لە ئاوایی "هەمزە قاسم" لە ناوچەی هەوشار لەدایک بوو. سەدیق لەبەر هەلومەرج و هەڵکەوتەیی گوندەکەیان نەیتوانی بچێتە قوتابخانە، بۆیە بەناچار لەگەڵ گەورەبوونی شانبەشانی باوکی و باقی ئەندامانی خێزانەکەی ڕووی لە کاری وەرزێری و ئاژەڵداری کرد. لە ڕووداوەکانی شۆڕشی گهلانی ئێراندا سەدیق کە تازەلاوێکی بەجۆش بوو، ههستی كوردایهتی له هزر و مێشكیدا چهكهرهی كرد. دوای ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزب و هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سهر كوردستانیش پتر پرسه سیاسییهكانی ڕۆژی بۆ ڕوون بۆوه و داهاتووی ڕزگاریی نهتهوهكهی له بهرنامهی حیزبی دیموكراتدا دیتهوه. هێرشی ڕێژیم له زستانی ساڵی ١٣٥٨ بۆ سهر ناوچەی هەوشار و کوشتنی خەلکی بێدیفاعی کوردستان سەدیقی پتر بهرهو خەبات و خۆڕاگری هان دا. بۆیه بڕیاری دا ببێته پێشمهرگه و لە ڕیزی تێكۆشهرانی حیزبی دێموكراتدا دەست بە تێکۆشان بکا. سەدیقی تەمەن ١٦ ساڵی تازەلاو بە هەستی نەتەوەیی زۆر بەهێزەوە پەیوەندی کرد بە بنکەی "قسقۆپی"ی حیزبی دێموکرات و داوای کرد ببێتە پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی کەمی تەمەنیەوە هەر لەو بنکەیەدا مایەوە و کاری بنکەکەیان پێ سپارد.
سەدیق کوڕێکی چاونەترس و خوێنشیرین بوو. لەنێو دڵی پێشمەرگەکاندا جێی خۆی کردبۆوە و هەمووان خۆشیان دەویست. ئەو ڕۆژ نەبوو داوای چەکهەڵگرتن نەکات و خوازیاری ئەرکی زیاتر نەبێ. بۆیە پاش ماوەیەک کارکردن لە بنکە و شارەزابوونی لە چەکوچۆڵ چەکی پێ درا و لە یەکێک لە لکەکانی هێزی شەهیدانی هەوشاردا سازمان درا. سەدیق له ماوهی پێشمهرگایهتییدا كوڕێكی لهسهرهخۆ، بهئیمان و ڕهوشتپاك و لهگهڵ هاوسهنگهرانی مهتین بوو. ئەو له چهندین عهمهلیاتی ناوچەی هەوشاردا ئازایانه بهشداریی چالاكانهی كرد. لە ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر دوژمندا زۆر هەڵمەتبەر و بەوەج بوو. بۆیە زۆری نەخایاند بەهۆی زیرەکی و چاونەترسی کرا بە سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان لە بنکەی قسقۆپی لەو بەرپرسایەتییەشدا زۆر ئەرکی پێ دەسپێردرا کە سەرکەوتووانەوە ڕایپەڕاندن.
شەهید سەدیق كوڕی ڕۆژی تهنگانه بوو. له زۆربهی شهڕهكاندا بهشداریی ئازایانە و ڕۆڵی بهرچاوی ههبوو. ئەو پلەکانی تەشکیلاتیی یەک لە دوای یەک بە سەرکەوتوویی بڕی و سەرەنجام بە فەرماندەری لکی ٢ لە هێزی هەوشار دیاری کرا و لەو بەرپرسایەتییەشدا و لە زۆربەی زۆری چالاکییەکانی ناوچەی هەوشاردا حەماسەی خوڵقاند و بە دەیان عەمەلیاتی سەرکەوتوانەی ئەنجام دا.
گرتنی پایەگای قشڵاغ، شەری لەبیرنەکراوی "دارتوو" و "کوچەتەڵا" کە دوو شەووڕۆژی خایاند و ئەنجامەکەشی کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ جاش و پاسدار بوو، بەشێکن لەو مێژووە پڕ سەروەرییە و لە سێهەمین چالاکی ئەو عەمەلیاتەش لە ڕێگای ساحێب بۆ سەقز کە لە کەمینێکدا زیاتر لە ٢٦ ماشین پڕ لە جاش و پاسدار کوژران و کەلوپەلەکانیان بە دەستکەوت گیرا، سەدیق بەشداریی چالاکانەی هەبوو. لە شەڕی کانیسپیی سەروو کە لە کاتژمێر پێنجی بەیانی تا چواری ئێوارە بەردەوام بوو، دوژمن بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس ئاوایی دەکوتا، سەدیق یەکێک لەو کوڕانە بوو کە خۆبەخشانە هەڵمەتی بردە سەر تۆپخانەی دوژمن بەرەوڕووی ئاوایی کانیسپی و بەتەواوی تێکی شکاندن. هەروەها شەرەکانی ناو شاری ساینقەڵا هەموو بهڵگهیهكی زیندوون بۆ ئازایهتی ئهو تێكۆشهره نهمره.
مخابن و هەزار حەیف سەدیق ڕۆژی ٣١ی بانەمەری ساڵی ١٣٦٤، لە شەڕی نێوخۆیی لەگەڵ کۆمەڵە لە پشتئاوایی دەرەویانیشێخ لە ناوچەی سەقز شەهید بوو، و سەنگەری خەباتی بە هەوسەنگەرانی سپارد.