کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە مانای قووڵی تەحریم تێ دەگەن

16:12 - 15 جۆزەردان 2723

دارسمە

هیچ گومانی تێدا نییە پاراستنی زمانی دایک یان زمانی ڕەسەنی نەتەوەی خۆت لە هەبوونی نانی شەو پێویستترە، بەڵام وەک تورک دەڵێن "نێنیم، چارەم  یۆک یان چارەم یۆخ".

بەم "یۆک" و "یۆخ"ـەی تورکی بیرم کەوتەوە جیفڕێک لە خۆم بدەم و تەقڵەیەکی بەدوادا لێ بدم و بڵێم ئۆخەی تورکانیش وەک ئێمە خاوەنی چەند زمانی لە یەکتر جودان! ئەی ئەوە نییە ئەوانەی ئازەربایجانی ئێران و وڵاتی ئازەربایجان بە "نان" دەڵێن "چوێرەگ" و ئەوانەی ئەستەنبوول و ئانکاراش پێی دەڵێن "ئەکمەک"؟ وا دیارە تەنانەت لە سەر ناوی بژێوی سەرەکیی ژیانیش نایەکگرتوون.

پێم خۆش نییە پێم‌ بڵێن لە خۆی دەفشێت و دەڵێت من زمانی تورکی و ئازەری دەزانم. هیچ مەبەستەم ئەمە نەبوو. وەک هەموو خوێنەرانی ئەم دێڕانە چەندین زمانم وەک چێشتی مجێور تێکەڵ کردوون و ڕۆژانە خەریکی جووتن و کاوێژ کردنەوەیانم. هەموومان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە واین. هەموومان تێکەڵەیەک لە کۆی زمانان کاوێژ دەکەینەوە.

هەر ئێمەی کوردیش وا نین. هەرچی ئاخێوەرانی زمانانی زیندووی دونیان هەموویان وان. هەر زمانێک وا نەبێت، بێ سی و دوو لێکردن مردار دەبێتەوە. زمانی وا دەناسم وشە و دەستەواژانی زمانانی دیکەی لێ بستێنیەوە، دەست لە هەرامە درێژتر دەمێنێتەوە و هەر لەجێ‌وە بێ‌ئەوەی مەلا و قەشە و مەلای بگەنە سەر و یاسینی بۆ بخوێنن و داوای لێبووردنی بۆ لە ڕوحولقودووس بکەن، مردار دەبێتەوە.

هەر دوور نەچین، ئێمەی کوردی دۆدیتووی خۆ بە خاوەنی زمانی ڕەسە‌ن زان ڕۆژانە دەیان وشەی زمانانی دیکە لەنێو زمانی خۆماندا هەڵدەشێلینەوە و تەنانەت پێشیانەوە فاخیر و سەربەرزین. وادەزانین وشەی "کازیوە" لە بنەڕەتەوە هی خۆمانە و نازانین لە "صبح‌کاذب"مان وەرگرتووە. لێکدا لێکدا لە جیات وشەی "هەموو" دەڵێین "سەرجەم" و بیر لەوە ناکەینەوە وشەی "جمع"ی زمانێکی دیکەمان وەرگرتووە و "سەر"ێکی خۆمانەمان لێ کردووەتە براگەورە و وەپێشیمان داوە و "ع‌"ی "جمع‌"ـەکشمان قوت داوە و کردوومانه بە "سەرجەم". وشەی وامان زۆرن هەر دوور نەڕۆین ئاوڕێکی کورت لە "مەشیان" یان "مەشین"ی کرمانجی بدەینەوە. ئەو گۆرانیبێژەی دەڵێت "کیژ مەشیانە دیلانێ" و ئەو سیاسەتمەدار‌ە‌ی دەڵێت " ئەم ئیرۆ مەشەک ل دار خست"، ڕەنگە هیچکامیان نەزانن "مەشیان"، یان "مەش" لە "مەشاء"ی عەرەبییەوە وەرگیراوە.

ئەمەی لە سەرەوە باسم کرد هیچی بۆ ئەوە نەبوو بڵێم زمانی کوردی زۆر چاولەدەستی زمانانی دیکەیە. بەڵکوو پێچەوانە، ئەوانی دیکە ئەوەندەیان لە کوردان وەرگرتووە، بە درێژایی ساڵانی ساڵ قەرزی ئێمەیان پێ نادرێتەوە. هەر لە بنەوپاڵی خۆمان تاوڵی زمانی فارسان چەڵەكە و ئەستووندەگی لە زمانی کوردییە و ئەگەر ئەوانی لێ بستێنیەوە بەسەر یەکدا دادەپێت. بەڵام بەندەی موخلیستان ئەم هەموو شێرو‌ڕێوییەی بۆیە هینایەوە، بەکورتی باس لە وشەی "تەحریم" بکات. ئەگەر خوێنەری بەڕێز گەورەیی بنوێنێت و ئەم چەند دێڕەی سەرەوەم وەک پێشەکی لێ قبووڵ بکات، لەمەودوا باس لە وشەی "تحریم" دەکەم.

ئەم وشەیە لەم ساڵانەی دواییدا بەردەوام لەسەر کتێب و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕگەلی کۆمەڵایەتیدا ئەوەندە زۆر دەبینرێت و دەبیسرێت، هەر مەپرسە. لەم دواییانەدا بەتایبەت لەنێوان ئێران و ئەمریکادا ڕۆژانە لانی‌ کەم دەیان جار وشەی تەحریم دەبیستین یان چاومان پێی دەکەوێت. بەتایبەت ئەمریکا ڕۆژ نییە چەندین دامەزراوە و کەسایەتیی ئێرانی و نزیک لە ئێران و کەسو‌کاری کەسانی نزیک لە ئێرانیش تەحریم نەکات. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەمریکا ئەوەندەی لە ئێران تەحریم کردووە ئێستا هیچ دامەزراوە و کەسایەتییەک نەماوە تەحریم نەکرابیت. جا لەبەر ئەمە پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و کەسایەتیی دیکە بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەی کەشێکی وا نەخوڵقیت ئەمریکا لە تەحریم‌کردن بوەستێت و کەس یان دامەزراوەیەک شک نەبات تەحریمی بکات.

دوور لە ڕووی تۆی خوێنەر و پەرژینێکی بەگوڵ بێت، ئەمریکا و خەڵکی دیکەش ئەوەندەی حیساب بۆ سەرچاوەگەلی فتوا (مەراجع تەقلید) دەکەن نیو ئەوەندەش هەرزن و مەرزن بە کڵاوی منی نووسەر و تۆی خوێنەر ناپێون. جا لەبەر ئەمە وا باشە بگەڕێینەوە سەر بۆچوونی سەرچاوەیلی فتوا و بزانین ئەوان چ دەفەرموون. زۆربەی ئەم سەرچاوانە لەسەر ئەمە کۆکن: حەرام بریتییە لەو شتەی مەنعی لێ کراوە و نەهیی لێ کراوە کەڵکی لێ وەربگیڕێت، بەڵام دەکرێت کەڵکی خۆتی لێ ‌وەربگری و کەفارەی بۆ بدەی. بۆ وێنە دەتوانی کەفارەی نوێژ و ڕۆژووی نەکراو و خوراو بدەی. لە هێندێک ئاییندا هەرچی کردووتە لای قەشە دانی پێدا بنێ و بە جیفڕك‌لەخۆدان لە پردی سیڕات بپەڕەوە. لەبەرانبەر وشەی حەرامدا وشەی "حەڵاڵ"مان هەیە. حەڵاڵیش بریتییە لەو شتەی  دەکرێت کەڵکی لێ وەربگرین. بەخۆشیەوە هەموو خوێنەرانی زۆرزانی ئێستا لەوە تێ دەگەن تحریم بە مانای حەرامکراوە، هەر ئەو حەرامانەی بە دانی کەفارە و شتی تر پووچەڵ دەبنەوە.

جا وەرن بە هەمومان کلک و گوێی ئەم کەرە بگرین و لەم قوڕە دەریبهێنینەوە: ئەمریکا لەلایەک باس لە حەرام و تەحریمی ئێران دەکات و لەلایەکی دیکەوە سوڵتانی عومان دەنێرێتە خوازبێنیی ڕەحم و بەزەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی. شاعیری گەورەی کوردیش چەندین ساڵ لەمەوبەر حەرامی بە حەرامێکی دیکە حەڵاڵ کردووە:

"شەرابی لەعلی ڕوممانی لە نالی

حەرامە بێ مەززەی ماچێکی لێوان"