کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی پارلمانی نۆروێژیان کرد

11:01 - 16 جۆزەردان 2723

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، قادر عەزیزبەیگی و کامیل قادری، ئەندامانی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی کولتووریی کوردی لە نۆرویژ و هەروەها ئارام ئازه‌ری و شانیا ساڵحی وەک نوێنەرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی پارلمانی نۆروێژیان کرد.

ئەو هەیئەتە لەلایەن دوو پارلمانتاری نۆروێژی بە ناوەکانی "سه‌وه‌ره میرلی و مانی حوسێنی"، سەر بە حیزبی کرێکاری (ئاربایدە پارتی) ئەو وڵاتە، پێشوازییان لێ کرا.

هەیئەتی هاوبەشی یەکیەتیی لاوان و کۆمەڵەی کولتووریی کوردی، لەگەڵ لایەنی بەرانبەر لەسەر چەند تەوەری پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان بە تێروتەسەلی قسەیان کرد کە باسەکان بریتی بوون لە: هێرشی کیمیایی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قوتابخانەی کچان لە شارەکانی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی و هەروەها بارودۆخی خەڵکی ئێران بە گشتی و گوشار، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردن و ئێعدامی لاوان و خەڵکی ناڕازیی کوردستان بە تایبەتی.

بەشداربووان دوای بیروڕا گۆڕینەوە، ئاماژەیان بە شێوازی کار و چالاکییە‌کانی "کۆمیته‌ی گشتیی کۆمه‌ڵه‌ی کوردی" و "یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە وڵاتی نۆروێژ کرد.

له کۆتاییدا، کۆمیته‌ی گشتیی کۆ‌مه‌ڵه‌ی کولتووریی کوردی له نۆروێژ به نووسراوه چوار خاڵیان وه‌ک داواکاری پێشکەش به ئه‌ندام پارلمانه‌کان کرد کە ئەوانیش به‌ڵێنییان دا به‌‌ وردی بەدواداچوون بۆ داواکارییه‌کان بکه‌ن.

خاڵه‌کان بریتی بوون له: "به فه‌رمی سپای تێرۆریستی پاسداران و‌ەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن؛ هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکرێت ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێت و زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات و هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک ڕابگرێت؛ پارلمان و دەوڵەتی نۆروێژ پشتگیریی سیاسیی خۆی لە خەباتی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران ڕابگەیەنێت و پارلمان و دەوڵەتی نۆروێژ هێزەکانی کوردستانی ئێران وەک هێزی ئۆپۆزیسیۆن بە فەرمی بناسێت و بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی دێموکراسی و چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران دەستپێشخەریی فەرمی بکات."