کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی گوماناویی هاووڵاتییەکی خەڵکی خوڕەماوا

11:04 - 16 جۆزەردان 2723

مەنسوورە سگوەند، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی ئاودانان و ئەندامی فەخری هێزی نیزامیی ڕێژیم، پاش ماوەیەک لە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی، بە شێوەیەکی گوماناوی لە شاری ئاودانان گیانی لەدەست دا.

شەوی یەکشەممە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرپرسانی دەرمانیی نەخۆشخانەی ئیلام، هەواڵی مردنی مەنسوورە سگوەند، خوێندکاری بەشی یاسای زانکۆی ئازادی ئاودانان و ئەندامی فەخری هێزە ئینتیزامییەکانیان بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە پشتڕاست کردەوە.

لەم پێوەندییەدا عیسا بازیار، چالاکی سیاسی- مەدەنیی خەڵکی ئاودانان لە وتووێژێک لەگەڵ "کوردپا" وتی: ناوبراو پێش لە مردنی چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە ئاودانان بانگ کرابوو و لێکۆڵینەوە و هەڕەشەی کوشتنی لێ ‌کرابوو.

عیسا بازیار زیادی کردووە: پاش پچڕانی پێوەندییەکانی مەنسوورە سگوەند لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم لە کاتی دەستپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ناوبراو لە خوڕەماوا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها پاش بڵاوبوونەوەی مردنی مەنسوورە، زۆربەی چالاکان، پارێزەران وهاووڵاتییانی خوڕەماوا کە هەواڵی مردنی ناوبراویان لە لاپەڕە تایبەتەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردبووەوە، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی مەنسوورە بەهۆی گوشاری زۆری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، لەم پێوەندییەدا بێدەنگ کراون.

شایانی باسە کە مەنسوورە، ٦ کاتژمێر پێش مردنی، بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی: "ئێمە لە مردن دەترسێنن، خۆ ئێمە ئێستاش زیندوو نین."

ناوبراو پێشتر ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێنیستاگرام نووسیبووی: "من وەکوو ئەندامێکی فەخریی هێزە ئینتیزامییەکان لە خوڕەماوا کارم دەکرد، بەڵام لەم ڕێکەوتە بەولاوە هیچ پێوەندییەکەم لەگەڵ ئەو هێزانە نەماوە و بە شانازییەوە لەگەڵ خەڵک و هاووڵاتییانی خۆمم".