
لە کاتێکدا بانگکردنی خوێندکاران و دەرکردنی حوکمی هەڵپەساردن و قەدەغەکردنی چوونە ژووری خوێندکارانی زانکۆکان بەردەوامە، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران شەپۆلی بانگکردنی خوێندکارانی زانکۆی ''عیلم و سەنعەت'' بۆ کۆمیتەی ئینزباتی و ناساندنی لانیکەم ١١ مامۆستای زانکۆی ڕاگەیاند.
شۆرای سێنفیی خوێندکاران، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی جۆزەردان، ڕاپۆرتیان دا کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی ''عیلم و سەنعەتـ''ـی تاران بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی حیجابی زۆرەملێ بانگی کۆمیتەی ئینزباتی کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ١١ مامۆستای زانکۆش لەلایەن ئەو زانکۆیەوە بانگ کراون، هەروەها هێزکانی حەراسەت چەندین خویندکاریان لە کاتی پیاسەدا بە بیانووی شێوازی پۆشینی جلوبەرگ ئازار داوە.
شۆرای سێنفیی خوێندکاران باسی لەوەش کردووە کە گوشارەکان بۆ سەر خەوتنگەی کچانی خوێندکار زیاتر بووە و چاوەدێری بەسەر شێوازی پۆشین و هاتوچۆکانیان چڕتر بووەتەوە.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە سەرانسەری ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، زانکۆکان یەکێک لە ناوەندەکانی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیم بوون و ناڕەزایەتییەکان ئێستاش لە زانکۆکان بەردەوامە. بەپێی ئامارەکان لە کاتی دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە هەتا ئێستا ٧٢٠ خوێندکار دەسبەسەر کراون.