کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زندانیی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیدا

00:19 - 17 جۆزەردان 2723

حەسەن حاتەمی

بەرایی:

لە ساڵی ١٣٠٠ زیندان بە مانای "مودێرن"کەی لە ئێران دامەزرا و لەوکاتەوە زیندانیی سیاسییش هەیە. بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لەجیاتی قبووڵکردنی زیندانیی سیاسی، یاسای ٣١٠1یان پەسند کرد، کە بە یاسای ڕەش دەناسرێ و دواتر کۆماری ئیسلامییش بە جۆرێک لە مادەی ٤٩٨ی سزاداندا، کەڵکی لێ وەرگرت.

لە پاییزی ١٣٢٠دا، سێ پێکهاتە زۆر چالاک دەبن، نەتەوەخوازان، چەپ و ئیسلامییەکان، کە چەند حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆریان دامەزراند. ڕێکخراوی فیدائیانی ئیسلام، بە ڕێبەری مجتبا میرلەوحی (نەواب سەفەوی) یەک لەوان بوو. ئەو ڕێکخراوە، دژبەرانی خۆی و دەسەڵاتدارەکانی دەکوشتن و بەئاشکرا تێرۆری دەکردن. ئەو ڕێکخراوەیە کە کۆمیتەیەکی تایبەتیی بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی بە ناوی "مجازات" دانابوو، ئەحمەدی کەسرەوی و مونشییەکەی (حەدادپوور) کە جیابیر بوون و؛ عەبدولحوسێن هەژیر، وەزیری دەربار و ڕەزم ئارا، سەرۆک‌وەزیرانی محەممەدڕەزا شایان کوشت و دوو وەزیری دەرەوەشیان تێڕۆڕ کرد و برینداریان کردن، کە دکتور حوسێن فاتمی و  حوسێنی عەلا بوون. فیدائیانی ئیسلام دوای ١٠ ساڵ چالاکییان نەما. لە ساڵی ١٣٤٢ ڕێكخراوەیەکی دیکە بە ناوی کۆمەڵی مۆئتەلەیفەی ئیسلامی دامەزرا، کە ڕێگەی فیدائییانی ئیسلامی درێژە دا و حوسێن‌عەلی مەنسوور، سەرۆک وەزیرێکی دیکەیان تێرۆر کرد.

دەسەڵاتی نوێی ئیسلامی سیاسی کە ناوی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" ی لەسەر خۆی دانا، لەسەر بنەمایەکی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی بناژۆ، کە پتر دەچووە سەربیری فیدائیانی ئیسلام، بەڵام بە ڕێبەریی ویلایەتی فەقیهـ هەنگاو بە هەنگاو داسەپا. ئەو دەسەڵاتە نوێیە گەلانی ئێران و ئیسلامییەکانی پێ "ئوممەت" بوو. ئوممەتیش لەسەری فەرزە دەستوورەکانی ڕێبەر -کە لە ئێراندا وەلیی موتڵەقەی فەقیهە- جێبەجێ بکا و ئەسڵی ١١٠ی یاسای بنەڕەتییش ئەو دەسەڵاتەی داوەتێ. بێتوو ئەو کارەش نەکەن وەک دژبەر و نەیار چاویان لێ دەکرێ و "مجازات" دەکرێن.

زیندانیی سیاسی لە ئێراندا

دەسەڵاتدارانی نوێی بیری ئیسلامی سیاسی بە بیروباوەڕی ئەو دوو ڕێکخراوەی ناویان برا، دواتر لەگەڵ کۆمەلێکی دیکە، حیزبی جمهووریی ئیسلامییان دروست کرد و، بەدژی نەیاران ڕێژیمەکەیان کەوتنەخۆ. لە قامووسی ئەواندا، دژبەر و نەیار مافی نەبوو، بۆیە دەبوو هەڵویستیان لەسەر بگرن. یەکێک لە هەڵوێستەکان گیران و بەندکران بوو.    دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە دەیەی یەکەمی ڕێژیمەکەیاندا بۆ سەقامگرتوویی خۆیان زۆریان پێویستی بە شەڕ هەبوو. لەو نێوەدا کوردستان جیاواز بوو. لە ڕیفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامیدا بەشداریی نەکردبوو. دوو حیزبی سیاسیی دێموکرات و کۆمەڵەی هەبوو کە سێکۆلار بوون. جگەلەوە ئیسلامییەکانیشی نەتەوەیی بوون. بۆیە سیاسەتی سەرکوت، زەبروزەنگ، شەڕ و کوشتار، گرتن و زیندانیکردنی بەسەر کوردستان پێش هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێراندا سەپێندرا.

لە ماوەی پێنج ساڵدا، سێ شەڕ بەهۆی ئاکاری دزێوی ڕیژیم لە ئارادا بوون. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عێراق و ڕێکخراوە ناوەندبیرەکان بوون. کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩) کەوتە بەر هێرشی گەورە و لە ٢٨ ی گەلاوێژ بە حوکمی ڕوحووڵڵا خومەینی هێرشی سەرانسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا و "گشت ثاراللە"ی "آتش بە اختیار" کەوتنە گیانی خەڵک لە کوردستان. ئەو گەشتە و سپا بوون بە قاتڵی سەری لاوەکان، ناڕازییەکان و ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی ڕێکخراوە سیاسی و تا ڕادەیەک مەدەنییەکانیش.

چریکەکانی کەمینە (اقلیت)، و هاوشێوەکانی لە هاوینی ١٣٥٩ (١٩٨٠) وە، ڕێکخراوی موجاهیدین خەڵق، لە جۆزەردانی ١٣٦٠وە، حیزبی توودە و فیدائیانی ئەکسەرییەت، لە زستانی ١٣٦١ (١٩٨٣) وە بە کۆمەڵ دەگیران. پێکهاتەی گیراو و زیندانەکان، لە شار گەورە و مام‌ناوەندی و بچووکەکاندا، پێکهاتەیەکی سیاسی، تەشکیلاتی و چەکداریی بەرگریی کارانەیان هەبوو. بۆیە تاوانی ئەوکاتی گیراوەکان و زیندانییەکان ناوی "دژی شۆڕش"، "زیندانیی تاقمۆکی" (زندانی گروهکی) و "خراپە لەسەر عەرزی" (مفسد فی‌الارض) یان لێ دەندرا. لە کوردستان، زیندانی شێوەی دیل و ڕەشبگیری بوو، چ تاوانێکیش پێیان خۆش با بەسەریاندا دەسەپاندن، بە لێدان، جەزەربە و ئەشکنجە کردن. بۆیە شتێک بە ناوی زیندانی سیاسی بوونی نەبوو و نییە.

لە کوردستان، کوشتنی بەکۆمەڵ لە پاوە، سنە، سەقز، مەهاباد، ورمێ و زۆر شار و شارۆچکە و گوندی دیکەی کوردستان کران، کە یەکێک لە کارەساتە پتر دڵ‌هەژێنەکە، کوشتاری بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ (١٩٨٣) بوو.

تۆبەپێکردن بە زیندانییە سیاسییەکان  

زۆربەی ئەو کەسانەی دەگیرێن و زیندانی دەکرێن، کەم وا هەیە ئەشکەنجەی جەستەیی بەتایبەتی، کابڵ لێدان لە بەرە پێیەکان و بەشێکی لەشیان، بێ‌خەوی پێکێشان، هەڵاواسینی قەپانی و قەسابی، شەپ، زللە، مست، ئاوی سارد پێداکردن و لەبەر سەرما ڕاگرتن نەدرێن و ناخۆشترین قسەی قێزون و هەڕەشەی لاقە کردنیان لێ نەکرێ. ئەو بەشە لە زیندانیانی سیاسی، ژن و کچ، هەم بە هەڕەشە و هەم بە کردەوە پتر دەیانگرێتەوە. بەتایبەتی ئەو کچانەی کە بە سزای کوشتن مەحکووم دەکران و فتوا دەدرا ئیزن نەدەرێ بە کچێنی گیانیان لێ بستێندرێ.  

ئەوەی بەناو "تۆبەی پێ کرا" لەژێر زەخت و گوشاردا، پێویستە وەک قوربانی و دیلی دەستی ڕێژیم و ناچارکران و کەم تاقەتی لەبەرانبەر جەلادەکان و ئەشکەنجەکان سەیر بکرێن. کاتێک لە زیندان ئازاد کران هەلی خۆباوەڕی و ئاساییکردنەوەی کەسایەتییان پێ بدرێ. ئەوان کە "ئەشکەنجە سپی" (ژووری تاکە کەسی) زۆر و بەردەوام بڕستیان لێ بڕیبوون یا خەم بۆ ژیانی هاوژین و منداڵەکانیان، ئەوانەی سەڵت نەبوون، تووشی هەڵویستی نەخوازراو بوون. دیارە زۆر کەسیش تۆبەیان پێ کردن و گیانشیان لێ ئەستاندن.

لە بەرانبەر تۆبەکاریدا، بەربەرەکانیی توند، "مانەوە لەسەر بیڕوڕا" لە زیندانەکاندا زۆر بوون. ئەوان لەلایەن زیندانوانە سەرکوتکارەکان بە "دژە شۆڕشی نێو زیندان" (ضد انقلاب زندان) و "نەبوون بە مرۆڤ" (آدم نشدن) -بیخوێنەوە تەسلیم نەبوون و تۆبە نەکردن- ئەزیەت دەکران. ئەو بەشە لە ساڵی ١٣٦٧ (١٩٨٨) زۆرترین تێچووی ژیان و ژینیان دا، و بە هەزاران کەسیان  بەکۆمەڵ و تاک لە ٨٠ زیندانی سەرانسەری ئێران لێ کوژرا. لەو بەشەدا، زیندانەکانی ئێڤین و گەوهەردەشت، زۆرترین ڕێژی کوشتارە بەکۆمەڵەکەیان تێدا کرا، کە یەکێک لە جینایەتکارەکان حەمید نووری (عەبباسی) بوو، کە لە سۆئێد لە دادگایەکی عادڵانە و دێمۆکڕاتیکدا کە ٩ مانگی و ٩٢ جەلەسەی خایاند، ئەوەندەی بەڵگە لەسەر هەبوو، کە زۆرترین سزای سۆئێد، واتە  ٢٠ ساڵی -کە بەرانبەر بە "ئەبەدە"- پێ درا.

لە دیاردەی کۆمەڵکوژی و "تۆبەسازی"دا، زۆربەی زیندانییەکان، بە هەڵویستی خوڵەمێشیی (خاکستری) گرتن لە مەرگ ڕزگار بوون. بەو مانایە کە نە لەگەڵ گرووپەکەی خۆیان بوون و نە دەسەڵاتیان قبووڵ بوو، و حوکمی داسەپاویان دەکێشا. زۆربەیان کەسانی زۆر بە بیروڕا و سالم بوون، ئەو هەڵویستە ڕێگەیەکی دەربازبوون لە گیان لێ‌ئەستاندن بوو. هەروەها، سەید حوسێن مورتەزەویی زەنجانی، سەرۆکی زندانی ئیڤین و گەوهەردەشت، لە کڵاب‌هاوس پەردە لە سەر گۆشەیەکی بچووکی جینایەتەکانی زندانی ئیڤین لا دەدا. ئەو گوتی:" ژمارەیەکیان بۆ ئیعدام دەبرد، چەند کوردێکیشیان لەگەڵ بوو. یەکیان پێشی پێ گرتم و گوتی: ئێوە تەنیا بە تاوانی کوردبوون دەمکوژن. مورتەزەوی، کارەساتی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان قبووڵ دەکا، و خۆی بە شەرمەزار دەزانێ و دەڵێ:"بە ئاوی زمزمیش بمشۆن پاک نابمەوە". ئەوەش یەکێک لە دەستکەوتە مەزنەکانی بزووتنەوە و شۆڕشی ژینایە کە فیداکاری و مردن بۆ "ژن، ژیان، ئازادی"، ویژدانە نوستووەکانی وەخەبار هێناوە، بەهەر هۆیەک بێ.  

"تاوانی سیاسی" لە ئێراندا

دوای ٣٧ ساڵ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی لە زستانی ١٣٩٤دا، گەلاڵەی "تاوانی سیاسی" لەلایەن مەجلیسی شوڕای ئیسلامی پەسند و لە بانەمەڕی ١٣٩٥دا لەلایەن شوڕای نیگابانەوە پەسند کرایەوە. بەڵام هەتا ئێستاش کاری پێ‌ نەکراوە. چونکە ئەوان تۆمەتی ئەمنییەتی دەدەنە پاڵ گیراوەکان و ئەو "تاوانی سیاسی"یەی بۆخۆشیان پەسندیان کردوە، کاری پێ ناکەن، چوونکە باوەڕیان پێی نییە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە سیاسیبوون نەتەنیا تاوان نییە، بەڵکوو مافێکی ڕەوایە و نەک کەس نابێ بەو تاوانە زیندانی کرێ، بەڵکوو دەبێ بەئاشکرا و ئازادانە چالاکیی هەبێ.  

هەڵبەت پێویستە ئاماژە بکرێ کە لە سەردەمی پەهلەوییەکانیشدا، "تاوانی سیاسی" پێناسەیەکی ئەوتۆی نەبوو. لە ماوەی پتر لە نیوسەدە دەسەڵاتی پەهلەوییەکاندا دژبەرانیان بە "خرابکار" یا "تێرۆریست" ناو دەبرد، و لە دادگا نیزامییەکاندا، محاکەمەیان دەکردن.

شۆڕشی ژینا و زیندانیی سیاسی

لە ڕاپەڕین و شۆڕشی ژینادا، هەم قەبارەی زیندانییەکان بە ژمارە دەیان هەزار، هەم کەم‌تەمەن و لاو، لە نێویاندا ژنان و کچان لە سەروەی هەمووان، پێکهاتەیەکی دیکە و فەزایەکی نوێی ئازادیخوازیی مافویستی و ڕێژیم‌نەویستیی بەرهەم هێناوە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە سەرانسەری و جیهانی کرا، و وەک ئاشکرا بووە بازجووەکان گوتوویانە سەرسامن بە هەڵسوکەوتی نەوەی نوێ  -پتر لەدایکبووەکانی دەیەی ٨٠- کە چۆن مەرگ بەئاسایی دەگرن و ناترسن. بۆیە دەکرێ ناوی "وەزی نەترسان" (فصل جسارت)ی لەسەر دابندرێ.

تاوانە نەکردوەکانی زیندانیانی شۆڕشی ژینا "بغی"، "سب‌النبی،" "سووکایەتی بە پیرۆزییەکان"، "محارەبە"، "ئیرتداد"ن کە هەموویان دەکرێ بەپێی فتوای ئاخوندێک یا قسەکانی ئەم دواییە ئاخوندی توندئاژوی جینایەتکار موحسینی ئێژیی ببێتە هۆی گیان لێن ئەستاندنیان.

ئەو بزووتنەوە و شۆڕشە نوێیە، بە خوێن و فیداکاریی شەهیدان، نەمران، گیان‌لێئەستێندراو و زیندانییە سیاسییەکان بە ئاکام دەگا، بەو مەرجەی لە هەموو بەشەکانی خەباتی مەیدانی، ڕێکخراوەیی، سازماندان و دیپڵۆماسیدا، یەکگرتوو بیین.

***

سەرچاوەکان:

"گووگل"، "ڕادیۆ فەردا"، "یوتیووب"، "بی بی سیی فارسی، سێشەممە، ٩ی جۆزەردان، بەرنامەی ٦٠ دەقیقە"