کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور ئیدریس ئەحمەدی: کورد دەبێ سەبری ستراتیژیکی هەبێ، هەڵەی سیاسی دووپات نەکاتەوە و پراگماتیستانە سیاسەت بکا

00:22 - 17 جۆزەردان 2723

وتووێژ: دیاکۆ دانا

بەرایی: بە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی چەند ئیمپڕاتوریی گەورە زۆر نەتەوەی بندەستە سەربەخۆییان وەرگرت و بوونە وڵات و دەیان وڵاتی نوێ هاتنەسەر نەخشەی جیهان. دوای شکستی ئیمپڕاتوریی عوسمانی و دابەشکاریی سەرزەمینەکانی عوسمانی بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس_پیکۆ (١٩١٦) تەنیا نەتەوەی غەدرلێکراو کورد بوو کە نەیتوانی وڵاتی سەربەخۆی خۆی هەبێت. ئەگەرچی لە پەیماننامەی سێڤەر (١٩٢٠) و لە ماددەکانی ٦٢، ٦٣، ٦٤دا ڕێوشوێن بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەیەکی سەرەتا خودموختار و دواتر سەربەخۆ بۆ بەشێکی بچووک لە خاکی کوردستان داندرا؛ بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان بە مەیلی کوردەکان نەچووە پێش و لە پەیماننامەی لۆزاندا (١٩٢٣) بە بەڕەسمی ناسینی سنوورە نوێیەکانی تورکیەی نوێ لەلایەن وڵاتانی بڕیاربەدەستەوە دواهیواکانی کورد بە با چوو.

١٠٠ ساڵ لە پەیمانی لۆزان تێپەڕی و لە یەک سەدەی ڕابردوودا پێ‌بەپێی سیاسەتی داگیرکاری و ئاسمیلەکردنی کورد لە نێو چوار دەوڵەتدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، خەباتی شوناسخوازیی کورد و تێکۆشان بۆ دەستەبەری سەروەریی سیاسی لەلایەن کوردەکانەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەردەوام بووە. هەروەها زۆر گۆڕانکاریی نوێش لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا هاتوونەتە پێش کە بەشێکیان لە بەرژەوەندیی کورد و زۆریشیان لەدژی بوون. "کوردستان" بۆ باس و شرۆڤەی زیاتری ئەو بابەتە دیمانەیەکی لەگەڵ دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، کارناسی سیاسی و مامۆستای زانکۆ پێک هێناوە.  

 

بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کۆلۆنیالیزم لە سەدەی بیستەمدا غەدرێکی مێژوویی لە کورد کردووە. ئایا ئەوە جەبرێکی مێژوویی بوو؟ یان بەرهەمی ناپێگەیشتوویی نەتەوەیی کورد؟

بارودۆخی ژیئۆسیاسیی کورد، هەر لەو کاتەوە کە کوردستان بەسەر ئیمپراتووریی سەفەوی و عوسمانیدا دابەش بوو، بە چەشنێک بووە کە ئەگەر کورد تەنانەت لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئاستێکی بەرزی "پێگەیشتوودا" بوایە، ئەستەم دەبوو بەبێ ‌پشتیوانیی زلهێزەکان، بتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێ. نە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییە و نە لە ڕووی نیزامییەوە، کۆمەڵگەی کوردی ئەو سەردەمە توانایی ئەوەی نەبوو ئەو دەرفەتەی کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانیی بۆی پێک هات، بقۆزێتەوە. هەڵبەت وڵاتانی کۆلۆنیالیستیی ئورووپا کۆمەڵێک دەوڵەتیان دروست کرد، لەوانە عێراق و سووریە، کە ساختەن و ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، نەبوون بە "نەتەوە-دەوڵەت". ئەمە جار لە دوای جار لە کەیسی عێراقدا بەرجەستە دەبێتەوە. بەپێچەوانە، بەدەر لە پەیمانی سێڤەر، هیچ‌کات زلهێزەکان پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردییان لە بەرژەوەندی خۆیاندا نەبینیوە و تەنانەت دژبە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد جووڵاونەتەوە.

بەو پێیە، هەم بەربەستی نێوخۆیی و هەم سیاسەتی زلهێزەکان بەیەکەوە دەوریان هەبووە لە ڕێگریی لە پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی. بەربەستە نێوخۆییەکان بە نۆری خۆیان، هۆکاری دەرەکیشیان هەبووە. هەڵبەت بارودۆخی ژیئۆسیاسیی کوردستان بە چەشنێکە کە فاکتەری دەرەکی، جا هەرێمی بێ یان جیهانی، زۆرتر شوێندانەر بووە لە سەر چارەنووسی سیاسی نەتەوەی کورد تاکوو فاکتەری نێوخۆیی. سەرەڕای زیاتر لە سەد ساڵ خەباتی ڕێکخراو و بەهێزبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی و پرۆسەی مۆدێڕنیسازیۆن لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەوڵەتی کوردی نەک تەنیا پێک نەهاتووە، بەڵکوو ئاسۆیەکی ڕوونیشی نییە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییەوە لە ڕووی ژیئۆسیاسییەوە بەزیندوویی لە گۆڕ نراوە و زلهێزەکان داکۆکیکاری "یەکپارچەیی خاکی" ئەو دەوڵەتانە بوون کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.

 پێوشوێنی پرسیاری پێشووم لەوە ڕا دەگرم کە ئاخۆ بریتانیا و هێزەکانی هاوپەیمان دژی کورد بوون؟ دیارە نەبوون. ئەوان هاتبوون ئیمپراتووریی عوسمانی بڕووخێنن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن و کوردستانیش بەهۆی بوونی نەوت و سەرچاوە سروشتییە دەوڵەمەندەکانەوە پێگەیەکی گرینگی ئەو بەرژەوەندییە بوو. ئەدی بۆچی لەو نێوەدا کورد خرایە نێو دوو بەرداشی پان‌تورکیزمی کەمالیزم و پان‌عەرەبیزمەوە؟

سەرکەوتنی نیزامی کەماڵیستەکان لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٣ لەو شەڕانەی کە خۆیان بە "شەڕی سەربەخۆیی" ناوزەدی دەکەن، یەکێک لەو فاکتەرانە بوو کە وای کرد لەنێوان پەیماننامەی سێڤەر و لۆزاندا، دەوڵەتی کوردی لە ئاجێندای زلهێزەکان و بە تایبەت بریتانیادا وەلا بنرێ؛ فاکتەرێکی دیکە ئەوە بوو کە بریتانیا پێویستی بە تورکییە بوو بۆ ڕێگریی لە نفووزی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. لەو پرۆسەیەدا، بریتانیا مەسەلەی دەوڵەتی کوردیی کردە قوربانی بۆ ڕازیکردنی تورکیە. دواتر ئەمریکا درێژەی بە هەمان سیاسەت دا و تورکیە بوو بە کۆڵەکەیەکی ئەساسیی سیاسەتی مەهارکردنی سۆڤییەت لە پاش شەڕی دوویەمی جیهانییەوە.

لە لایەکی دیکەوە، بریتانیا ساڵی ١٩١٩ پەیماننامەیەکی لە گەڵ ئێران واژۆ کردبوو و بەگوێرەی ئەو پەیمانامەیە، بریتانیا پابەند بوو بە پاراستنی "یەکپارچەیی خاکی" پێرشیا (کە دواتر بوو بە ئێران). بەو پێیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەدەبوو بە بەشێک لەو دەوڵەتەی کە بەگوێرەی پەیمانامەی سێڤەر، دەکرا پێک بێ. دیسان دەبێ دووپاتی بکەینەوە کە سیاسەتی زلهێزەکان بڕیاردەر بووە لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی سیاسیی کورددا.

هۆکارەکان چی بوون کە هەموو وڵاتانی کۆلۆنیالیستی ئەوکات (وەک فەڕانسە، بریتانیا و ئەمریکا) پتر لەوەی بیانەوێ زەرفییەتی بەنەتەوەبوون و بەدەوڵەتبوونی کورد ببینن، هەموو هەوڵیان دەدا لەگەڵ تورکیەی نوێی پاشماوەی عوسمانی هاوپەیمانیی ستراتیژییان هەبێت؟

وەک لە وەڵامی پێشوودا عەرزم کردی، دوو هۆی سەرەکیی هەبوو؛ سەرکەوتنی نیزامیی تورکیە لەلایەک، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیە لەپێناو مەهارکردنی یەکیەتیی سۆڤییەت لە لایەکی دیکەوە.

ئەسڵەن لە بنەڕەت‌ڕا وەدیهاتنی ئەو چەند بەندەی پەیماننامەی سێڤەر چارەسەری پرسی کورد و بەدەوڵەتبوونی کورد بوو؟

ئەگەر ئەو دەوڵەتەی کە بەگوێرەی پەیماننامەی سیڤەر قەرار بوو پێک بێ، پێک‌هاتبوایە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆ نەدەگرت، تەنانەت هەموو جوغرافیای سیاسیی کوردستانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای ئێستاشی نەدەگرتەوە. بەو پێیە، جێبەجێ‌کردنی ئەو بەندانە مەسەلەی کوردی بە گشتی چارەسەر نەدەکرد.

لە دوای ئەو مێژووە کورد چەندە خۆی ڕۆڵی هەبووە داگیرکەران بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن و خۆی چەندە بەرپرسیارە لە کەرتبوون و لەتبوونی زیاتری وەک نەتەوەیەک؟

 ئەگەر ئەوەمان قبووڵ بێ کە کورد لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییەوە لە ڕووی ژیئۆسیاسییەوە بەزیندوویی لە گۆڕ نراوە، ئەوجا دەتوانین باشتر لە لەت‌وپەتبوونی کورد لە ڕووی جوغرافیایی و سیاسییەوە تێ بگەین. کورد بۆ خۆشی ئەو لەت‌وپەتبوونەی بەرهەم هێناوەتەوە، بەڵام تەنانەت ئەگەر لە بەشێک لە کوردستاندا یەک هێزی زاڵ بێ یان هێژمۆنی هەبێ، کورد بە گشتی ناتوانێ لەو لەت‌وپەتییە ڕزگاری بێ. مەگەر ئەوەی دەوڵەتی کوردی پێک بێ کە هەر چوار بەشی کوردستان لەخۆ بگرێ. هەڵبەت فاکتەرگەلێک وەک ئیدئۆلۆژی (لەوانە سۆسیالیزم و ئیسلامی سیاسیی) یان یارمەتی وەرگرتن لە یەکێک لەو دەوڵەتانەی بەسەر کوردستاندا حاکمن دژ بە دەوڵەتێکی دیکە، ئەمانەش هۆکاری لەت‌وپەتی و شەڕی نێوخۆیی بوون. ئەمانە وێڕای جیاوازیی مەزهەبی، زاراوە و دیاردەی "ناوچەگەرایی" یارمەتیدەری لەت‌وپەتی بوون لە کوردستاندا، بەڵام ئەو لەت‌وپەتبوونە و شەڕی نێوخۆیی تایبەت بە کورد نین. نەتەوەی دیکەش بەدەست ئەمانەوە گیرۆدە بووە. ئەوەی کە وای کردووە کورد لە نەهامەتی لەتووپەتی سیاسیی ڕزگاری نەبێ، بارودۆخی ژیۆسیاسیی کوردستان وێڕای نەبوونی پشتیوانی ستراتیژیکە لەلایەن زلهێزانەوە.

 ڕابردوو ڕابرد. بۆ داهاتوو چیمان لە پێشە و وەک کورد دەبێ چی بکەین؟ ئەو ئەزموونانەی کە دەبێ لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان و کارتێکەریی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ داهاتووی خەباتی نەتەوەکەمان وەریان بگرین و دەکاریان بکەین چین؟

کورد دەبێ سەبری ستراتیژیکی هەبێ و بە وردبوونەوە لە ڕابردووی خۆی و ئەزموونی گەلانی دیکە، هەڵەی سیاسی دووپات نەکاتەوە و پراگماتیستانە سیاسەت بکا. ئەزموون دەبێ ببێ بە بنەمای سیاسەتکردن، نەک ئیدئۆلۆژی یان فکری باوی تاقی‌نەکراو. کورد زیاتر لە سەد ساڵ ئەزموونی خەبات و سیاسەتکردنی هەیە. ئاسۆی دەوڵەتی کوردی ڕوون نییە، بەڵام لە دوو بەشی کوردستان کورد بەشێک لە خاکی خۆی بەدەستەوەیە و حکومەت دەکا. لەلایەکی دیکەوە، سیاسەتی تواندنەوەی کورد شکستی هێناوە، هاوکات لە هێندێک بەشی کوردستان ناسیۆنالیزمی کورد لە پەرەئەستاندن دایە. گرینگ ئەوەیە کە کورد بتوانێ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لە دەرفەتی دیکەی مێژوویی کەڵک وەرگرێ. ئەو دەرفەتانە کەم هەڵ دەکەون. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ بارودۆخی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، کورد ئامادەتر و بەتواناترە بۆ قۆستەنەوەی ئەو دەرفەتانە.

سپاس بۆ ئەوەی کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا

ئێوەش سەرکەوتوو بن