لە درێژەی هەوڵە ژینگەپارێزییەکانی ئەنجومەنە ژینگەییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجومەنی "چرۆ"ی ڕوانسەر بە هاوکاریی ئەنجومەنی "ژیوار" لە بناری شاخی "یەڵەوڕ" هەڵمەتی "زاگرۆسانەی چرۆ"یان بە بەشداریی گرووپە شاخەوانییەکان، ژینگەپارێزان و چین و توێژەکانی دیکە بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی "چرۆ"ی ڕوانسەر بە هاوکاریی ئەنجومەنی "ژیوار" و بە بەشداریی کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی ژینگەدۆستی ڕوانسەر، شاخەوانانی ئەو دەڤەرە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان " بەمەبەستی پاراستی ژینگە و پەرەپێدان بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی و نەمام چاندن هەڵمەتی "زاگرۆسانەی چرۆیان" بەڕێوە برد.
لە سەرەتای ئەو هەڵمەتەدا "ناسێح عەزیزی" شێعرێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد و لەبارەی گرنگیی پاراستنی دار بەڕوو و نەمام چاندن چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
دواتر شێعرێک لەلایەن "محەممەدعەزیز ڕەحمەتی"، شاعیری ناسراوی ڕوانسەرییەوە خوێندرایەوە.
شایانی باسە کۆمیتەی ژنانی ئەنجومەنی چرۆی ڕوانسەر و ژنانی دەڤەری ڕوانسەر بەشدارییەکی چالاکانەیان لەم هەڵمەتەدا هەبووە و بەشێکی سەرەکیی ئەو هەڵمەتەیان پێک هێناوە و لە درێژەی لەم هەڵمەتەدا ڕێز لە چالاکییەکانی خاتوو "پەریسا محەممەدی" ئەندامی چالاکی ئەو کۆمیتەیە گیرا.
هەر لەو پێوەندییەدا لاوان و قوتابییان بەشداریی چالاکانە و بەرچاویان لە هەڵمەتی زاگرۆسانەی چرۆدا هەبووە.
دواتر "عەلی مورادی" بەرپرسی کۆمیتەی نەمام چاندنی ئەو ئەنجومەنە، ئامادەبووانی فێری چۆنیەتیی چاندنی دروستی نەمام و دەنکە بەڕووەکان کرد .
لەو هەڵمەتەدا "خالید محەممەدی" بە نوێنەرایەتی لە گرووپی شاخەوانیی "ساناو" لەبارەی پێویستیی پاراستنی ژینگە و بەرپرسیارەتیی گشتی لەوبارەوە باسێکی تێروتەسەکی پێشکەش کرد.
بەشداربووانی لەو هەڵمەتە ژینگەپارێزییە زیاتر لە ٣٠٠ نەمامی ٢ی ساڵەی بەڕوو و زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ دەنکە بەڕوویان لە بناری شاخی "یەڵەوڕ" چاندووە.
ئەنجومەنی چرۆ زیاتر لە ١٥ساڵە دامەزراوە و لە ساڵی ١٣٩٣دا بوو بە ئەنجومەنی یەکەم لە ئاستی هەموو ئێراندا و ساڵانە بە دەیان چالاکیی لەو چەشنە بەڕێوە دەبەن.