کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی کتێبفرۆشیی محەممەدی لە سەقز بە بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێکی ناڕاست و بێ‌بنەما

16:12 - 15 سەرماوەز 2725

کتێبفرۆشیی "محەممەدی" لە سەقز لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمەڵێک هەواڵی پێوەندیدار بە  فڕێدانی کتێب لەلایەن ئەو کتێبخانەیەی ڕەت کردەوە و ئەو تۆمەتانەی بە "ناڕەوا"، "چەواشەکارانە" و "ئاژاوەگێڕانە" لە قەڵەم دا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند ڤیدیۆ و وێنەیە بڵاو کرانەوە کە گوایە کتێبفرۆشیی "محەممەدی" لە سەقز کتێبەکانی لەسەر شەقامەکان فڕێ داون و ئەمە لەلایەن بەکار‌هێنەرانی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی نەرێنی لێکەوتەوە و خاوەن ئەو کتێبخانەیە لەوبارەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

کتێبفرۆشیی "محەممەدیـ"ـی سەقز لە دووتوێی ئەو ڕاگەیەندراوەدا سەبارەت بە هەواڵی فڕێدانی کتێب لەلایەن ئەو کتێبخانەوە ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵە ڕاست نییە و لەلایەن دەستێکی گوماناوی و ئاژاوەچییەوە بڵاو کراوەتەوە".

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە "لەم ڕۆژانەدا وێنەگەلێک کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاو بووەتەوە و هەندێک کتێب نیشان دەدات وەک ئەوەی ئەم کتێبانە بێ‌کەڵک بن و فڕێ درابێتن؛ دیمەنێکی تاڵ و پڕ لە ئازار کە بەپێچەوانەی پیرۆزیی کتێبەکانە و بەداخەوه هەندێک کەس هەوڵیان دا ئەم کاره بە ناوی چاپەمەنی و کتێبفرۆشی محەمەدییەوە  تۆمار بکەن".

لەو ڕاگەیەندراوەدا نووسراوە: "ئێمە هیچ پێوەندییەکمان بەم وێنانەوە نییە. ئەوەی لە وێنەکاندا دەبینرێت لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجام دراوە کە هیچ پێوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە و پێوەندیدانی ئەم هەڵسوکەتە بە چاپەمەنیی محەمەدییەوە، ناڕەوا، نادادپەروەرانە و پێچەوانەی ڕاستییەکانە".

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئەو هەوڵانە بەمەبەستی کەڵکوەرگرتن لە دروستکردنی شەپۆلێکی تۆمەتی ناڕەوا و زەحمەتی دەیان ساڵەی خێزانێک لە قەڵەم داوە کە هەموو ژیانی خۆیان بۆ کتێب تەرخان کردووە و ڕایانگەیاند: "ئێمە بەدڵ و گیان ئەم ڕەفتارە وێرانکەر و نادادپەروەرانە و بەدخوازانەیە ئیدانە دەکەین".

خاوەنی ئەو کتێبخانەیە ئاماژەی بەوە داوە کە "سەرەڕای هیچ پشتیوانییەک و بوونی سەدان بەربەست و گوشار لە کاری کلتووری خۆمان بەردەوام بووین و شایەتحاڵی ڕەفتارگەلێک بووین کە نە شایستەی ئێمە بووە و نە لە کەرامەتی کولتووری خەڵکی ئەم خاکەدایە".

لە کۆتایی ئەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە: "کتێب بۆ ئێمە مۆنۆمێنتی ساڵانی ئازار و ڕەنجی نووسەران، وەرگێڕان، مرۆڤە کولتوورسازەکان و خزمەتگوزارانی ئەم خاکەیە و بێڕێزیکردن بە کتێب بە کارێکی دژەکلتووری دەزانین".