کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری "توندوتیژی هێمایی، ئەو برینانەی نابیندرێن" لەلایەن کۆمیتەی زاگرۆسەوە

11:00 - 15 سەرماوەز 2725

لە در‌ێژەی چالاکییەکانی کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی د‌ێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، سمینارێکی لەژێر ناوی "توندوتیژی هێمایی ئەو برینانەی کە نابیندرێن" لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی د‌ێموکرات بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ناوەندی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ خاتوو "نیشتمان ڕۆحانی" مامۆستای زانکۆ و چالاکی بواری ژنان بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و پێشکەشکاری سێمینارەکە خاتوو "سەحەر ئەرجومەندی" بە باسکردنی پێشەکییەکی کورت، سێمینارەکەی دەست پێ کرد.

خاتوو نیشمان ڕۆحانی لە سەرەتای لێدوانەکەیدا باسی لەوە کرد کە خۆشحاڵم لەوەی ئێمەی ژنانی کورد هەتا ڕادەیەک لەگەڵ مێژووی خەباتی ژنان و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ئاشناین و هۆشیاریی ژنانی نێو شۆڕش و حیزبی دێموکرات هۆکاری بەرەوپێشچوون و دەستەبەرکردنی مافی ژنان بووە.

خاتوو نیشتمان ئاماژەی بەوە دا کە ٢٥ی نۆڤامبر وەبیرهێنەرەوەی مافی ژنان و دژایەتی لەگەڵ هەموو جۆرە توندوتیژییەکە کە لە دژی ژنان کراوە و ژنانی کورد بەهۆی هەڵکەوتەی جۆغرافیاییەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوونەتەوە.

خاتوو نیشتمان لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ئەم جۆرە سێمینار و کۆڕانە و هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و خەباتە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو ڕووبەرووی ئەو جۆرە توندوتیژییانە نەبنەوە.

ئەو چالاکەی بواری ژنان ئاماژەی بە نێوەرۆکی سێمینارەکە دا و وتی: "توندوتیژیی هێمایی" زۆر لە توندوتیژیی جینسی مەترسیدارترە و مەترسییەکەی لەوەدایە کە قوربانی سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری ئەو جۆرە لە توندوتیژییە، قبووڵیشی دەکات و ئەگەری هەیە کە داهاتووشدا زیاتر بۆیان ئاسایی بێتەوە".

"ڕۆحانی" هەروەها باسی لەوە کرد کە لەنێو کۆمەڵگەدا ناوهێنانی ژن وەکوو "زەعیفە" و کەرەستەی نێو ماڵ لە نموونەکانی ئەو جۆرە توندوتیژییانەن.

هەروەها ئەو مامۆستای زانکۆیە هۆکاری بەشێک لەو توندوتیژیانەی بۆ خودی ژنان گەڕاندەوە و وتی: "ژنان بە پەروەرەکردنی کچان و کوڕان و ئاشنانەکردنی کچان بە مافەکانیان یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەو توندوتیژییانەن.

هەروەها خاتوو نیشتمان لە درێژەدا پەرژایە سەر ئەوەی کە ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆیان لە داڕشتنی یاسادا پشکیان نییە و یاسا لە ڕوانگەی ئایینییەوە داڕێژراوە، ناتوانن بە مافەکانیان بگەن.

لە دوایین قسەکانی ئەو چالاکەی مافی ژناندا باس لە ڕێگەچارەکانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان کرا و وتی: "دەستەبەرکردنی ئەو مافانە بە ماوەیەکی زەمەنیی کورت بەدی نایەت بەڵکوو پێوستی بە چەند ساڵ و تەنانەت چەند دەیە هەیە و بۆ مەبەستە چەند هەنگاو و ڕێگەچارەیەک پێویستە کە بریتیین لە: یەکەم؛ "ڕۆشنبیریی ژنان و خۆپەروەردەکردنیان"، دووهەم؛ سوودوەرگرتن لە ڕاگەیاندن وەک پێویستییەکی سەردەم و ئاشنابوونیان بە هەموو بوارەکانی پێوەندیدار بە مافی ژنان"، سێهەم؛ پێداچوونەوە بە چۆنیەتیی دەستبەبەرکردنی مافی ژن لە مێردەکەی سەرەڕای ڕەچاوچاکردنی ڕێزی دوولایەنە، کات و شوێنی گونجاو"، چوارەم؛ هەوڵدان بۆ لابردنی هەڵاواردنی ئەرێنی چونکە ژنان دەبێت ئەوەندە هەوڵ بدەن و خۆیان پێبگەیەنن کە پێویستیان بەو جۆرە هەڵاواردنە نەبێت".

کۆتایی سێمینارەکە تایبەت کرا بە ڕاوبۆچوون، ڕەخنە، پێشنیار و تێبینیی بەشداربووان و لەلایەن کۆڕگێڕەوە وڵام درانەوە.

شایانی باسە کۆمیتەی زاگرۆس لە ماوەی ڕابردوودا چەندین زەنجیرە سێمیناری لە پێوەندی لەگەڵ ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بەڕێوە بردووە.