کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری پۆجیبونسی ئیتالیا مافی هاووڵاتیبوونی ئیفتخاری بە وریشە مورادی بەخشی

16:31 - 15 سەرماوەز 2725

ڕێوڕەسمی بەخشینی مافی هاووڵاتیبوونی ئیفتخاریی شاری پۆجیبونسی ئیتالیا بە وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئێڤین، ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤،  بە بەشداریی شارەدار و ئەندامانی شۆرای ئەم شارە و کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە لە هۆڵی سەرەکیی شارەداریی ئەم شارە بەرێوەچووە.

سوزانا چنی شارداری پۆجیبونسی، نوێنەرانی شۆرای شار و زیاتر لە سێسەد کەس لە هاووڵاتییان بەشدارییان لەم ڕێورەسمەدا کردووە.

شیوا مەحبووبی لە وتەبێژانی کەمپەینی ئازادیی وریشە مورادی وەک نوێنەر لەلایەن بنەماڵە و لایەنگرانی ناوبراوەوە بەشداریی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد و لەوحی هاووڵاتیبوونەکەی نوێنەرایەتی لە وریشە مورادی لەم ڕێوڕەسمەدا وەرگرت.

مەحبووبی لە قسەکانیدا وێڕای پێزانین بەرانبەر بە شارەوانیی پۆجیبونسی ئەم هەوڵەی بە نیشانەی یەکگرتوویی مرۆڤانە و سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بە چارەنووسی بەندکراوە سیاسییەکان زانی و سپاسی بەڕێوەبەران وهاووڵاتییانی بەشداربووی ئەم ڕێوڕەسمەی کرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا سوزانا چنی شارەداری پۆجیبونسی، لە قسەکانی خۆیدا باسی لە چالاکیی مرۆڤانە و هەوڵەکانی وریشە بۆ پارێزگاری لە گیانی مرۆڤەکان کرد.

وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری سنە و بەندکراو لە زیندانی ئێڤین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران بە سێدارە مەحکووم کراوە.