ئاسۆ مینبەری
پرسەکانی ژنان لە کوردستان، ئەگەر نەڵێین بۆ زۆرینەی خەڵک، بەڵام لانیکەم بۆ خودی ژنان گرینگن و وەکوو بابەتی هەستیاری کۆمەڵگە چاویان لێ کراوە، بۆیە بە بەردەوامی باس لە کێشە و گرفتەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا کراوە. ئەگەر هەندێ کەس شارەزایانە و بە سەرنجدانی فاکتەرە یەکلاکەرەوە و کاریگەرەکان هەوڵیان داوە شەنوکەوی پرسەکانی پێوەندیدار بە ژنان بکەن، لانیکەم بینیومانە کە زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ سەرنجدان بە ڕەگەزیان، لەسەر دۆخی ژنان قسەیان کردووە و هەوڵیان داوە لە ڕوانگەی خۆیانەوە شرۆڤەی دۆخەکە بکەن، چونکە پرسەکەیان بەلاوە گرینگ بووە.
پێش لە ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو و دەسپێکی شۆڕشی ژینا، کاتێ کەسێک ویستبای فۆکوس بخاتە سەر کێشەکانی ژنان بەتایبەت لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، باسی لە دیاردە جیاوازەکانی منداڵهاوسەری، منداڵبوونی پێشوەختە، وازهێنانی زۆرەملێ لە خوێندن، خۆکوژی، قەتڵی نامووسی و کۆمەڵێک دیاردەی دیکە دەکرد، بەڵام بە هاتنەئارای شۆڕشی ژینا، پرسەکە گۆڕانی بەسەردا هات و چاوەڕوانییەکە ئەوە بوو کە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە دۆخەکەدا بێتە ئاراوە.
لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد، زیاترین فۆکوس کەوتە سەر ئەو توندوتیژییانەی کە بە شێوەی سیستماتیک لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرانبەر بە ژنان و کچان ئەنجام کرا. بۆ نموونە توندوتیژییە گوتاری و ئاکارییەکانی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لەگەڵ ژنان، پرسی حیجابی زۆرەملێ و توندوتیژیی هێزەکانی ڕێژیم بەرانبەر بەو ژن و کچانەی کە ملکەچی بڕیاری دەسەڵات نین و زۆر پرسی دیکە. بەڵام ئەوەی کە لەم ماوەیەدا سەرنجڕاکێش بوو، هەڵوێست و دژکردەوەی گشتیی کۆمەڵگە بەنیسبەت پرسە سەرەکییەکە بوو، واتە کوژرانی کچێکی کورد بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد!
چەخماخەی شۆڕشەکە بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە کوردستانەوە لێ درا، لە سەرتاسەری کوردستانەوە خەڵک هاتنە سەرشەقام تاکوو بەرانبەر بە کردەوەکەی ڕێژیم، هەڵوێست بگرن و داوای مافی زەوتکراوی کچە شەهیدەکەیان و هەروەها باقی ژنانی کوردستان بکەن، هەر بۆیە ژن و پیاو هاتنە سەر شەقام، دژ بە داگیرکەر ڕاوەستان و دژی ڕێژیم دروشمیان دا.
ڕاستە کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشدا خەڵک هاتنە سەر شەقام، بەڵام لە ڕاستیدا دۆخی کوردستان ڕادیکاڵتر بوو، ئەو بەکگراوندە مێژووییەی کە ڕێژیم لە کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان و کردەوەی خەڵکی کوردستانی هەبوو، وای کرد کە توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵک زۆر زیاتر بێ، هەر لەم ڕاستایەشدا بوو کە سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر لە کوردستان زۆر زیاتر و بەرچاوتر و توندوتوڵتر لە باقی شارەکانی ئێران بوو، جا لەم قۆناغەدا بوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکیش شەهید و بریندار بوون.
ئەوەی ئامانجی ئەم نووسینەیە، پێوەنددانەوەی تێکۆشانی خەڵک لە شۆڕشی ژینا لەگەڵ ڕووداوەکانی دوای دەسپێکی ئەم شۆڕشەیە! لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کوڕانی ئەم نیشتمانە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بیری دواکەوتووی ڕێژیم و ڕوانینی بەنیسبەت ژنان گیانیان بەخت کرد، هەر چەند ماوە جارێک هەواڵێک لە کوشتنی ژنان، بووە سەردێڕی هەواڵەکان کە نموونەی ئاخریشی ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەردان بوو. ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێکدا باسی لە کوژرانی ژنێکی لاو بە ناوی "پەرەستوو شابازی" کرد کە بە دەستی هاوسەرەکەی و بە لێدانی چەقۆ لە دێولان کوژرابوو، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەر لە شاری دێولان و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، ٢ کەس بە ناوەکانی "ڕەزا لوتفی" و "موحسن نیازی" لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و تەنیا بە تاوانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان و مافی مرۆیی خۆیان کوژران.
دۆخەکە جێی تێڕامانە! لەلایەکەوە پیاوان دێنە سەر شەقام و ئەگەرچی هەموو داخوازییەکانیان لە چوارچێوەی مافەکانی ژناندا نییە و کۆمەڵێک پرسی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی پاڵنەریان بووە و وای کردووە کە ڕاشکاوانە و بەبێ گرینگیدان بە سەرکوتکارییەکانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بێنە سەر شەقام و داوای مافەکانیان بکەن، لەلایەکی دیکەوە هەندێک بوونەوەر لە قاڵبی پیاودا، بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکەنە سەر هاوسەرەکانیان و لەتوپەتیان دەکەن! پرسیارەکە ئەمەیە، بەڕاستی ئەم هەموو پارادۆکسە چییە؟ مەگەر هەر لەو شارەی کە پەرەستوو دەژیا، ژنان و پیاوان هاوشانی یەکتر نەهاتنە سەر شەقام و پێکەوە داوای مافە زەوتکراوەکانی خۆیان نەکرد؟ ئەی چۆنە کە پاش بەردەوامبوونی زیاتر لە ٨ مانگ لەم یەکڕیزی و هاودەنگییە، پەرەستوو بە دەستی هاوسەرەکەی دەکوژرێت و منداڵە ساواکەی بۆ هەمیشە لە بوونی دایک و سۆزی دایکایەتیی بێبەری دەبێ؟
ئاوڕدانەوە لە دۆخەکە زۆریش ئەستەم نییە، گۆڕان کاتێ لە کۆمەڵگەدا درووست دەبێ کە تاک بە تاکی کۆمەڵگە لە بەرانبەر هەموو ڕووداو و پرسەکاندا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن، گومان لەوەدا نییە کە هاوسەرەکەی پەرەستوو هەروا کە لە هەواڵەکاندا باس کراوە، خووگر بە ماددە هۆشبەرەکان بووە و دۆخی ئابوورییشی زۆر خراپ بووە و هەر لەم سۆنگەیەوە دەبێ وەکوو قوربانییەک چاوی لێ بکرێ، بەڵام هەر لەو ژینگەیەدا بە دەیان کەس بوون کە دەیانتوانی پێش بەم ڕووداوە بگرن و ڕزگاریدەری ژیانی پەرەستوو و منداڵەکەی و بنەماڵەکەی بن.
پوختەی باسەکە ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا نابێ تەنیا لە چوارچێوەی شەقامەکاندا قەتیس بکرێتەوە، لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستاندا و لەژێر کاریگەریی پەروەردەی سیستماتیکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، شۆڕشێکی گەورە و بەرین پێویستە تاکوو هاوسەنگیی نێوان ژینگەی بنەماڵە و کۆمەڵگە ڕابگرێت و هەموو هەنگاوەکان لەپێناو دابینکردنی ژیانی ئاسوودە بۆ تاکەکان بە بێ جیاوازی بێت.