کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا تیمێکی دابینکاری پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

09:59 - 17 جۆزەردان 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تیمێکی دابینکاری کەرەستەی مووشەکی کە کەرەستەی بەرهەمهێنانی مووشەکیان ڕەوانەی ئێران دەکرد، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ١٣ کەس و ڕێکخراوی وەکوو بەشێک لە تیمێکی دابینکاری پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی لە چین و هۆنگ کۆنگ کە بە پشتیوانییکردن لە بەرنامەی مووشەکی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران تاوانبارن، خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا هاتووە کە ئەوە تیمە بەردەوام کەرەستەی پێویستی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکیان لە وڵاتانی ئورووپایی کڕیوە و ڕەوانەی ئێرانیان کردووە و بەردەوام پشتیوانییان لە وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران کردووە.

یەکێک لەو کەسانەی کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا ناوی هاتووە، "داوود دامغانی" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و یەکێک لەو کەسانەیە کە لە چین و لە ڕێگەی کۆمپانیا چینییەکانەوە ئەو کەرەستە سەربازییانە دابین دەکات و دەینێرێتەوە بۆ ئێران.

ئەو کۆمپانیاگەلەی کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر بریتین لە: کۆمپانیای پیشەیی "شیجینگ کوینگ و شێن وێنشینگ" لە چین و کۆمپانیای "لینگ پرۆکس" لە هۆنگ کۆنگ و کۆمپانیای گەیاندن و گواستنەوەی "بلوو کاڵم" لە ئێران.

هەروەها کۆمپانیای "شەوە درەوشاوەکانی پکەن" و قاسم حەقیقەت خەڵکی ئێران و دانیشتووی چین وەکوو بەرپرسی ئەو کۆمپانیایە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.