کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران و کوردستان

10:16 - 17 جۆزەردان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران و کوردستان ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، ١٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، وەکوو کۆبوونەوەی خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، گیلان، خوراسان، فارس، ئیلام و سنە، لە بەردەم ئیدارەی موخابراتی پارێزگاکان بەڕێوە چوو.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی شاری تفت لە پارێزگای یەزد لە بەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندی دانیاڵ سەر بە شاری عەباس ئاوا لە بەردەم شۆرای گوند بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان لە بەردەم بینای ئەو زانکۆیە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک کادری دەرمانیی شاری یاسووج لە بەردەم بینای پارێزگای ئەو شارە بەڕێوە چوو.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، کرێکاران و فەرمانبەرانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای خوراسان مانیان گرت.