کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی کۆمەڵێک ڕێکخراوی مافی مرۆیی سەبارەت بە شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران

11:08 - 17 جۆزەردان 2723

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بە شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێران، خوازیاری کاردانەوەی خێرای جیهانی بوون.

هاوپەیمانیی "ئیمپکت ئێران" بە هاوبەشی لەگەڵ ١١ ڕێکخراوی ئەندام، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و سەبارەت بە زیادبوونی تۆقێنەری لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەوانە شەپۆلی ئەم دواییەی لەسێدارەدانەکان کە خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانج، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا، واژۆکەران داوایان لە وڵاتانی ئەندام و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێن و سنووردارکردنی ئامانجدار، لێپرسینەوە لە بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران بکەن کە گیانی زۆر کەسیان ستاندووە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانە جەختیان کردەوە کە هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوەکان، بە تایبەتی کورد و بەلووچ، زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانیان پێک هێناوە.

ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەم ڕاگەیەندراوەیان واژۆ کردووە، کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەم دۆخە ''پڕ ئازارە''یان بە باش نەزانیوە و نەبوونی کاردانەوەی بەهێز و ماناداریان بە هۆکارێک زانی کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بەبێ ترس، سزای ئیعدام وەک چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن و مانەوە لە دەسەڵات بەکار بهێنن.

لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا، ئەم ڕێکخراوانە جەختیان کردەوە کە کاتی "بێدەنگی و دیپلۆماسیی لەسەرەخۆ و لێدوانی نەرم" لەمێژە تێپەڕیوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە بڕشتەوە هەنگاو هەڵبگرن و دەستبەجێ کاردانەوە نیشان بدەن.