شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەک کردنی بەڵگەنامە "نهێنی" و "زۆر نهێنی"یەکانی سەر بە نیهادی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران لەلایەن گرووپی "قیام تا سرنگونی" بووە مانشێت و سەردێڕی گرینگترین هەواڵەکانی پێوەندیدار بە ئێران کە تێیدا زۆر پرس و فایلی نهێنی و جێگەی تێڕامان بڵاو کرایەوە؛ هەر لە پرسی بارمتەگیریی دەوڵەتییەوە بگرە تا دەگاتە سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، گەندەڵیی سیستماتیکی ئیداری و دەوڵەتی تەنانەت لە ئەمنیەتیترین دەزگا دەوڵەتییەکان، پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت و دەیان خاڵی دیکە.
لە یەکێک لەم بەڵگەنامانەدا بە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، عەلی بەهادۆری جەهرۆمی، وتەبێژ و بەرپرسی هەیئەتی دەوڵەتی ڕێژیم سەبارەت بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شۆڕشی ژینا چەند ڕێکارێک دەدات بە دەوڵەت کە گرینگیی تایبەتییان هەیە.
لە بەشێک لەم بەڵگەنامەدا کە بەناوی "سیاسەتە ئیجابی"یەکان پۆلێن کراوە هاتووە: دەبێ پێداگری لەسەر چەمکی "ایران یکپارچە" لە بەرامبەر پیلانی دابەشکردن و لێکهەڵوەشانەوەی ئێران بکەین و ڕۆڵ و نەخشی گرووپە جیاییخوازەکانی کوردستان، خووزستان و بەلووچستان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بەرجەستە بکەینەوە.
لە بەشێکی تری ئەم بەڵگەنامەدا باس لە بەرجەستەکردنەوەی نەخش و پلانی ئامریکا و ئیسراییل دەکرێت کە وەڕێخەر و دنەدەری ئەم ناڕەزایەتییانە بوون و هەوڵیان لاوازکردنی ئێرانی ئیسلامییە!
ئەوەی کە لەم نووسینەدا گرینگیی هەیە و دەبێ ورد لێی بڕوانین جیا لە دەرکەوتنی دووبارەی لاوازیی ئەمنییەتی سایبێریی ڕێژیم لە هەموو ئاستەکان، لەڕاستیدا ئەم دوو خاڵەیە کە ئاماژەیان پێ کرا؛ کۆماری ئیسلامی وەک لە ڕابردووشدا زۆر جاران باسی لێوە کراوە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لە نێوخۆ ببەستێتەوە بە لایەنی دەرەکی یان وەک خۆی دەڵێ بە دوژمنانی نیزام و ئیسلام و بەم شێوەیە هەم خۆی لە ئەسڵ و نێوەڕۆکی ناڕەزایەتییەکان بدزێتەوە و هەم دەرەتانێکی لەبار بڕەخسێنێ بۆ پەلاماردان، هێرش و سەرکوت.
بەستنەوە و گرێدانەوەی گرفت و کێشە و قەیرانە سیاسی – کۆمەڵایەتییەکان بە دوژمنە زەینییەکانی ڕێژیم و لەم کانتێکستەدا دیاریکردنی ستراتێژیی سەرکوت، تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێژیمێکی سیاسیی تۆتالیتێرە.
لەم نێوانەدا ئەوەیکە زۆرتر گرینگیی خۆی دەنوێنێ جیا لە خوێندنەوەی ناڕاستی ڕێژیم کە ڕوونە ئامانجی تایبەتی خۆی لێی هەیە، هەڵوێستی هاوتەرازی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئۆرووپانشینە کە هاوتەریب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی تۆمەتلێدان لە هێزە سیاسییە ڕەسەنەکانی سەر بە نەتەوەکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێرانە. لەو شوێنەیدا کە ڕێژیم دەڵێ: "دەبێ پێداگری لەسەر چەمکی "ایران یکپارچە" لە بەرامبەر پیلانی دابەشکردن و لێکهەڵوەشانەوەی ئێران بکەین و ڕۆڵ و نەخشی گرووپە جیاییخوازەکانی کوردستان، خووزستان و بەلووچستان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بەرجەستە بکەینەوە" ڕێک دەگەینە ئەو خاڵە گرینگەی کە بەناو ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات بەردی خەمخۆری بۆ خاکی ئێران لە سینگ دەدەن و وەها دەنوێنن کە گوایە ئەم خاکە پیرۆزە کەوتۆتە مەترسییەوە و ئەگەر بێت و فریا نەکەوین ئەوا ئێرانی ئازیزمان لێک هەڵدەوەشێتەوە؛ لەژێر ڕۆشنایی ئەم خوێندنەوە ناڕاست و چەوتەشە کە دەبینین بە هەموو ئامرازەکانی بەردەستیان و یەک لەوان میدیا فارسزمانەکانی دەرەوەی وڵات پەلاماری بزووتنەوە مافخوازانەکانی کوردستان، بەلووچستان و خووزستان دەدەن و تۆمەتگەلی بێبنەمای وەک "تجزیەطلبی" دەخەنە پاڵی.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەک بەڕێز مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دوالێدوانی بۆ تێلێڤیزیۆنی بیبیسی و لە وڵامی پرسیاری ئەوەیکە ئایا کورد "تجزیەطلب"ە؟ وتی: دووپاتکردنەوەی ئەم جۆرە پرسیارانە بە سووکایەتییەک بەرامبەر بە کورد و حیزبەکەم دەزانم! ساڵانێکی دوورودرێژە کە بە دروشمی "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" خەباتمان کردووە. "تجزیەطلب" ئەو کەسانەن کە تەواوی مافەکانی نەتەوەکانی ئێرانیان وەلا نا، جیاوازیی نێوان پەراوێز و ناوەندیان ساز کرد و لەو دەسەڵاتەی کە هەیانە تەنیا نەکبەتی و چەرمەسەرییەکانیان بووە پشکی ئەم نەتەوانە؛ هەر بۆیە ئەوان جووداییخوازن نەک کورد و بەلووچ یان نەتەوەکانی دیکەی ئێران.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە دەتوانین وەک دواقسە ئەوە بڵێین کە "تجزیەطلبی"، "تمامیت ارضی" و "یکپارچگی سرزمینی" تەنیا چەند چەمکێکی داتاشراوی ڕێژیمن کە لەژێر کاریگەرییان بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکانێکی ساویلکە هەوڵی بەردەوامیی تەمەنیان دەدەن و دەیکەنە ئامرازێک بۆ سەرکوتی یاسایی، سیستماتیک و بێپاساو تاکوو دۆکتورینی کەڵکاژۆوەرگرتن لە سامانە سروشتی و ناسروشتییەکان کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا کاری پێکراوە بە ئامانج بگات.