گڵکۆی شەھید ژینا ئەمینی کە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ئیتلاعات، فەرمانداری و شارەوانیی ڕێژیم لە شاری سەقز، پیلانی تێکدان و لابردنی لە ئارادایە.
بەپێی ھەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، شارەوانیی سەقز فەرمانی داوە کە دەرکی سەرەکی و گەورەی گۆڕستانی ئایچی دابخرێت و ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبێت ماشین بباتە نێو گۆڕستانەکەوە هەتا خەڵک بۆ سەر قەبران نەچن و سەردانی ئەو مەزارە و مەزاری باقیی شەھیدان نەکەن و بە کامێرای چاوەدێری کۆنترۆڵی بکەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە لەنێوان دەرکی سەرەکیی گۆڕستانەکە هەتا خودی ئەو گۆڕستانە، مەودایەکی یەکجار زۆرە و بە داخستنی دەرکی ئەو گۆڕستانە و ڕێگریکردن لە چوونی ماشین بۆ نێو گۆڕستانەکە، دەیانهەوێت خەڵک لە چوون بۆ سەر قەبران پاشگەز بکەنەوە.
شارەوانیی شاری سەقز بە ھاوکاریی فەرمانداری و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە، لە پیلانێکدا دەیانهەوێت پیادەڕەوێک لەنێو گۆڕستانەکە دروست بکەن کە بە تەنیشت گڵکۆی شەھید ژینادا تێدەپەڕێت و ئامانجیشیان ئەوەیە کە لە کاتی سازکردنی پیادەڕەوەکەدا، بە ھەر جۆرێک بێت، سیمای گڵکۆی ئەو شەھیدە تێک بدەن و فەزای گردبوونەوەی خەڵک لەو شوێنەوە نەهێڵنەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، سەبارەت بە پیلانەکانی ڕێژیم لەسەر گڵکۆی ژینا، بنەماڵەی ژینا ئەمنی گوشارێکی زۆریان لەسەر بووە، لەو پێوەندییەدا سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە فەرمانداری ڕێژیم لە سەقز وتوویەتی کە سەبارەت بەو بابەتە، بنەماڵەی ژینا و خەڵکی سەقز ناتوانن هیچ کارێک بکەن.
جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دوو جار شووشەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی شکێندراوە.
لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و خۆپیشاندانیان دژی ڕێژیمی ئێران وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم بۆ تێکدانی گڵکۆی ژینا پیلان دابڕێژێت.