کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری هونەرمەند حەسەن زیرەک کۆچی دوایی کرد

17:49 - 17 جۆزەردان 2723

 ڕابیعە سەرەنجام، هاوسەری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، مامۆستا حەسەن زیرەک لە نەخۆشخانەی سەقز کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، هاوسەری دووەمی مامۆستا حەسەن زیرەک بە ناوی ڕابیعە سەرەنجام، دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی سەقز، بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند حەسەن زیرەک دوو جار بە فەرمی هاوسەرگیریی کردووە. میدیا زەندی هاوسەری یەکەمی كە بێژەری بەشی کوردیی ڕادیۆی تاران بوو، ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی لە تاران کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند "حەسەن زیرەک" لەدایکبووی شاری بۆکانە و لە ماوەی تەمەنیدا خزمەتێکی زۆری بە هونەری کوردی کردووە. ناوبراو جیا لە زمانی کوردی بە زمانی "تورکی و فارسیـ"ـش گۆرانیی وتووە و جگە لە ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک لە باشوور ژیاوە.

حەسەن زیرەک یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بوو و بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانیی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە.