کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
ڕۆژی ۱۲ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی، ٥۹ لاوی شۆڕشگێڕی شاری مەهاباد کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن ئەو ڕێژیمە دژی مرۆییەوە تیرباران کران.
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە، بە دەستپێشخەری و پشتیوانیی کۆمەڵێک ڕێکخراوەی چالاک و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناودێر کراوە.
خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسی و کۆڵنەدانیان، ڕەمزی زیندوویی، بەردەوامی و سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازی و شوناسخوازیی نەتەوەکەمانە.
بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنەیە، سەری ڕێز و ئەمەگناسی بۆ هەموو بەندکراوانی سیاسیی کورد، هەموو شەهیدان و قوربانییانی نێو چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی دژەکوردی ئێران دادەنوێنین. نەسرەوتنی ڕۆڵە بە بیروباوەڕ و شۆڕشگێڕەکانی کورد و خۆڕاگرییان، هیوابەخشی داهاتوویەکی گەش و ئازادە بۆ نیشتمانەکەمان.