کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: جیاییخواز ئەو کەسانەن کە لە هەموو مافەکانی نەتەوەکانی ئێران چاوپۆشییان کردووە

18:28 - 17 جۆزەردان 2723

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە وڵامی پرسیارێکی تێلێڤیزیۆنی ''بی‌بی‌سی'' سەبارەت بە ''جیاییخوازیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، وتی کە دووپاتکردنەوەی ئەو پرسیارە بە سووکایەتی دژی حیزبەکەم و هەموو کوردەکان دەزانم.

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ تێلێڤیزیۆنی ''بی‌بی‌سی''، لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ''جیاییخوازیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کە لەلایەن هێندێک لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە باسی دەکرێت، وتی: ''دووپات کردنەوەی ئەو پرسیارە بە سووکایەتی دژی حیزبەکەم و هەموو کوردەکان دەزانم.''

کاک مستەفا لە درێژەدا وتی، چەندین ساڵ بە دروشمی ''دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان'' خەباتمان کردووە. جیاییخواز ئەو کەسانەن کە لە هەموو مافەکانی نەتەوەکانی ئێران چاوپۆشییان کردووە و جیاوازییان لەنێوان ناوەند و دەوروبەر دروست کردووە و لەو هێزەی کە لەبەر دەستیاندایە، تەنیا چارەڕەشی و نەهامەتییان تووشی ئەو نەتەوانە کردووە.