کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی پارلمانتارانی بریتانیا لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران

10:06 - 18 جۆزەردان 2723

پارلمانتارانی بریتانیا، سەبارەت بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و تەنانەت لەنێو خاکی بریتانیاش، جارێکی دیکە داوایان لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان کرد کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پارلمانی بریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە سیاستەکانی وڵاتەکەی لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران، زۆربەی نوێنەرانی پارلمان بە ئاماژەدان بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکە و جیهان، جارێکی دیکە داوایان کرد کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت.

برێندان کلارک ئێسمیت، یەکێک لە نوێنەرانی پارلمانی بریتانیا وتی: لەم جیهانە مەترسیدارەدا ڕێژیمی ئێران یەکێک لە هەڕەشە مەترسیدارەکانە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی نێوخۆیی بریتانیا.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە نەرمینواندنی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەمەڕ سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، وتی: ئەو نەرمینواندنە بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پێشێلکردنی ڕوونی ڕێککەوتنی ناوکی، پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دژی هاووڵاتییانی خۆی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

کلارک ئێسمیت لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی زیاد کرد کە چالاکی و هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ئێستادا زۆر بەربڵاو و جێگەی نیگەرانیی هەموو جیهان و بریتانیایە و دەبێ بە خێراترین کات ئەو ڕێکخراوەیە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێندرێت و پێش بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا بگیردرێت.

شایانی باسە کە سەرەڕای ئەوەیکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە، بەڵام تا ئێستا یەکیەتیی ئورووپا، کانادا و بریتانیا، بە فەرمی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی نەناساندووە.