کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەربەخۆییخوازانی بازنەی ئیستانبووڵ هەتا شۆرشی "ژینا"

01:00 - 19 جۆزەردان 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی ژینا بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، هەرجارێ بە شێوەیەک و بە فۆڕمێک خۆی نوێ دەکاتەوە و لە خەبات و دژایەتی دەگەڵ دەستەڵاتیی ئۆلیی ئێران بەردەوامە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەی وەک "شەڕێکی تێوەر" (جنگ ترکیبی) ناساندووە کە بە هەموو شێوازێک هەوڵی نەمانیان دەدات. کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانییەوە شێوازی ڕوانین و بیرکردنەوەیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەجۆرێک ڕەوتە ناسراوەکانی نێو حکوومەتیش خەریکە لەم دەستەڵاتە بێ‌هیوا دەبن و بە شێوازی خۆیان ڕای ‌دژ دەردەبڕن.

حکوومەتی تێئۆکراسی_دیکتاتۆریی ئێران کە لە دوای سەدەکانی نێوەڕاستەوە گەردوون دەستەڵاتی وای بەخۆوە نەدیوە، لە بوارگەلی جۆراوجۆری وەک کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و... هەروەها بێ‌متمانەیی خەڵک وەک گرنگترین فاکتەری مانەوەی دەستەڵاتەکان تووشی تەنگژە و قەیرانی جددی مەشرووعییەت بۆتەوە. لێ‌بەلێ لە بەختە هەرە بەهێزەکانی هەتا ئێستا، مانەوەی خۆی لە پەرتەوازەیی دژبەرانی و لاوازیی ئۆپۆزسیۆندا دەبینێتەوە. هەرکام لەو دەنگە جیاوازانە بەتایبەت شەبەنگی پاشاخوازەکان هەر لە ئێستاوە سنووری دەستەڵات بۆخۆیان دەستنیشان دەکەن و هەموو هەوڵێکی دێموکراتیکی دەستەڵاتدارییان بۆ دوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە هێشتووتەوە هەتا وەک سەردەمی ٥٧ یان وەک سپای میسر (بزووتنەوەکانیی بەهاری عەرەبی) بە دژەشۆڕشێک هەموو خەباتی خەڵکی شۆڕشگێڕ ڕەوگیر بکەن و جارێکی دیکەش سەری نەتەوە زوڵملێکراوەکان لە ئێران بێ‌کڵاو بمێنیتەوە. هەموو ئەو ئاڵۆزی و ئالنگاری و ئاژاوانە دەکرێ بە جۆرێک دەگەڵ سەردەمی کۆتایی دەستەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانلییەکان پێک ‌بگرین بەتایبەت جۆری سیاسەت و ڕوانینی هێزە جۆربەجۆرەکان جێی‌سەرنجە.

کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی و نێوخۆیی بۆ ڕووخانی حکومەتی عوسمانلی هەبوون؛ دۆڕان لە شەڕی کریمە، کەوتنە بن قەرزی دەرەکی، بەجێگای وەبەرهێنان درووستکردنی شەڕ و ئاژاوە و هێرش و گەندەڵیی سیستماتیک هەروەها دوای داگیرکردنی قوستەنتەنییە لەلایەن وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا لە ئاکامی شەڕی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) و خۆدەباوەش هاویژتنی عوسمانلییەکان بۆ ئامێزی ئاڵمان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەپێچەوانەی جیهانی ڕۆژئاوا عوسمانلییەکان هیچ بایەخێکیان بۆ زانستە مرۆییەکان و سرووشتییەکان نەبوو. ئەوان بەڕواڵەت بەردەوام پێبەند و گیرۆدەی نەریتی ئۆلی و پەروەردەی دینی بوون، سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی عوسمانلی بەجێگای دابینکردنی ڕەوشێکی لەبار بۆ منداڵان و لاوان کە بتوانن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی دواڕۆژی مەملەکەت قازانج و دەوریان هەبێ، بەگشتی لەسەر خوانی پەروەردەی ئۆلی ڕادەهێنران و بە مەبەستی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرتن. ئەو دۆخە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وەپاش دابوو و خەڵک لێی وەزاڵە هاتبوون. هەروەها جیهانی ڕۆژئاوا کە لە سەردەمێکدا تەنانەت بەهۆی لەشکرکێشییەکانییەوە هاوکەوشەنی عوسمانلییەکان بووە بە ڕێنسانس و مرۆڤ‌تەوەری، تاک و داهێنان وەک هەوڵە گرنگەکانی خۆیان لەو بازنە تەسکە دەرهاویشت کە دواتر بە شۆڕشی زانستی و ڕووناکبیری گۆڕانکارییەکی مەزن لە ئاوەز و هزر و فەرهەنگیان هێنایە ئاراوە و دواتریش بە ژیاری کەرەسەگەلی ئابووری پیشەیی خۆی لە ئاوەزی ئایینی بەیەکجاری ڕزگار کرد، هەمیسان هەموو بەرهەمی خۆشیان بۆ ئەو وڵاتە بەرخۆرانە هەناردە دەکرد کە لەم گۆڕانکارییە مەزنە وەپاش کەوتبوون.

لەم دۆخە دواکەوتوویەدا بوو کە عوسمانلییەکان بەرەو ڕووخانی هەنگاو بە هەنگاو دەچوون. جا چوونکە وڵاتێکی پان و بەرین و بەپیت و پڕ بەهرە بوو کێشە و ناخۆشی لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی ئەم گوێچە مەزنە هاتبوو ئاراوە بە جۆرێک چەندین جار کۆبوونەوی مەزنیی جیهانیی لەسەر گیرا (کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس، سایکس و پیکۆ، سێڤەر، لۆزان و ...) و چەندین وڵاتی لێ لەدایک بواند!

لە ئاکام گرفتە مەزنەکانی دەرەکی و خوڵقانی کەشێکیی سیاسیی نێوخۆ، هاتنە ئارای چەمکی ناسیۆنالیزم و پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتیی گەلانی ژێردەست و چەوساوەی حکوومەتی عوسمانلی و ناوچەکەش کە لەئاکام نزیکایەتیی و پیشڤەچوونی ڕۆژئاوا شەقڵی گرتبوو؛ وردەوردە بە هێرش و گزیی میرنشینە کوردەکان کە سەدان ساڵ بوو بە شێوەیەکی نیوەسەربەخۆ و خوموختار بەڕێوەدەچوون لەنێو بردبوو، بەڵام ئەوە کۆتایی بە خەبات و ڕۆڵی کوردان نەهێنا و دوای ئەمە ناوەندی سیاسیی کوردان لە میرنشینە کوردەکانەوە بۆ تەکیە و خانەقاکان (تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندی) گوازرایەوە و هەتا ساڵانێکی زۆر بەشی هەرە زۆری سەرکردایەتیی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد کەوتە دەست شێخەکان.

یەکەم بزووتنەوەی سیاسی_نیزامی بە سەرۆکایەتیی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری (١٨٨٠) لەژێر دەستەڵاتی تورکە ئیماندارەکان دەستی پێ کرد! دوای ئەمە و لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی ئیمپراتۆریی عوسمانی، کوردە ڕووناکبیرەکان کە بەشی هەرەزۆریان لە ئیستانبول خوێندبوویان و یەکەم کەسیش دەتوانین ئاماژە بە شاعیری نەتەوەیی "حاجی قادر کۆیی" بکەین، کە دەکرێ وەک بازنەی ئیستانبول ناویان بێ. وەک "ژێنراڵ شەریف پاشای خەندان، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت، ئیسحاق سکوتی، عەبدولڕەحمان بەدرخان، ئەمین عالی بەدرخان، تۆفیق وەهبی" و ... وێڕای دامەزراندنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و دواتر بڵاو کردنەوەی بیری کوردایەتی لە ڕۆژنامەگەلی تر لە ناوەندەکانی داگیرکاریی سەردەم (پاریس، لەندەن و ژنێڤ) خزمەتێکی زۆریان بە ناساندنی دۆزی کورد کردبوو. ئەم کەسایەتییە کوردانە زۆربەیان سەر بە یەکەم ڕێکخراوی هاوبەشی کورد و تورکەکان (ئیتحاد و تەرەقی) و تەنانەت لە دامەزرێنەرانیان بوون. ئەگەرچی هەموو ئەو کەسایەتییانە لە جێی خۆیدا ناسیۆنالیست نەبوون، بەڵام لە ئاکامدا بەسەر باڵی نەتەوەییدا شکانەوە و دەکرێ وەک یەکەم ڕوناکبیرانی ناسیۆنالیستیی کوردی بناسرێن کە یەکەم ڕۆژنامە، حیزب و ڕێکخراوی کوردییان دامەزارند و لەپێناو مافەکانی گەلی کورد دیپلۆماسیی نێونەتەوەییشیان چالاک کردبوو.

د.فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی "ژەنەڕاڵ شەریف پاشا"دا دەڵێ: بەشێوەیەکی گشتی لە بواری بزووتنەوەی سیاسیی ئەو ڕووناکبیرە گەنجە کوردانەدا پێنج ڕەوتی سیاسیی جیاواز لەو سەردەمەدا بەدی دەکرێن:

١. ڕەوتی عەلمانی و فیدراڵی کە لە ژێر کاریگەریی ئەزموونی ڕۆژئاوا و بیری ئورووپیدا باوەڕی وا بوو کە نەتەوەی کورد وەک ئەرمەن و عەرەب و تورک و چەرکەس پێکەوە لە چوارچێوەیەکی فێدراڵی عوسمانیدا بەئاسانی دەتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگا. ئەمەش پڕۆگرامی گشتی "ئیتحاد و تەرەقی" بوو. د.عەبدوڵلا جەودەت کە دامەزرێنەر و سەرگەڤازی ئەو ڕەوتە بوو، تەنیا لە کۆتایی ژیانیدا لێی پەشیمان بۆوە. ئەم ڕەوتە بە هیچ شێوەیەک لە ژیان و بەرژەوەندییەکانی کوردەوە نزیک نەبوو، و خزمەتی کوردیشی نەکرد.

٢. ڕەوتی پان ئیسلامی کە باوەڕی وا بوو دین (شەریعەت و یاساکانی ئیسلام) دەتوانێ هەموو ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە چوارچیوەی هەمان ئیمپراتۆریەتی کۆنی عوسمانیدا دابین بکات. سەعید نەورەسی و عەبدولڕەحیم ڕەحمیی هەکاری نموونەی دیاری ئەم ڕەوتە بوون. دیسان ئەمانیش نەیاندەتوانی لە ژیان و ڕۆحییات و بەرژەوەندییەکانی کورد تێ بگەن.

٣. ڕەوتی ڕێفۆرمیستەکان، کە لەوانەیە ژمارەیان لەچاو ڕەوتەکانی دیکە زۆر کەمتر بووبیت باوەڕیان وابوو کە دەکرێ بە ئامۆژگاری و پاڕانەوە و ڕێفۆرم هەندێ لە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سولتان عەبدولحەمید وەربگریت. نمونە و سەرگەڤازی ئەم ڕەوتە، میقدادمەدحەت بەدرخان بوو کە لە یەکەمین پێنج ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان (قاهیرە ١٨٩٨) ئەم ڕەوتەی گرتبووە بەر، کە بێگومان سەرنەکەوت تەنانەت بە زیانیشی شکایەوە.

٤. ڕەوتی شۆڕشگێڕە چەکدارەکان کە باوەڕیان وابوو بە ڕاپەڕینی چەکداری و هێزی پەلاماردەر هەموو ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکان وەدەست دەهێنرێن. شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و کوڕەکانی نموونەی ئەم ڕەوتەن، دیارترین کەمایەسی و هەڵەی ئەم ڕەوتە ئەوە بوو کە نەیاندەتوانی لە چوارچیوەی جوغرافیی خۆیان بچنە دەرەوە، سرووشتێکی دینی و هۆزگەرییان هەبوو نەک کوردستانی، جگە لەمانەش پەیوەندییەکی توند و نەخشەسازییان لەگەڵ ڕووناکبیرە ناسیونالیستەکان نەبوو.

٥. ڕەوتی ڕووناکبیرە ناسیۆنالیستە جوداخوازەکان کە باوەڕیان وا بوو پێویستە نەتەوەی کورد سەربەخۆ بیت و لەژێر ئاڵای نەتەوەیی خۆیدا بژیت. حاجی قادر کۆیی وەک شاعیرێک دەمێک بوو بە شێعر ئەم ئاڵایەی بەرز کردبۆوە، لەنێو ڕووناکبیرەکانیشدا هەندێ لەوانە کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان بۆ کردن، وەک سوڕەییا و عەبدولڕەحمان بەدرخان، پاشانیش ژەنەڕاڵ شەریف پاشا لە ١٩١٩ نمونەی ئەم ڕەوتە بوون.

پڕشوبڵاوبوونی ئەم ڕەوتەی دوایی و پێکەوە نەحاوانەوەیان خەسارێکی مەزنی لەم ڕەوتە دابوو و هیچکات نەیانتوانی پێکەوە حیزبێکی مۆدیڕن و چالاکی نەتەوەیی دابمەزرێنن بەجۆرێک هەرکام لەو کەسایەتییانە بە شێوەی جیاواز خەباتی خۆیان بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی کورد بەڕێوە دەبرد کە ئاکامی نەبوو.

پشتیی ئەم بویەرانە مستەفا کەماڵ کە دواتر نازناوی باوکی تورک (ئاتاتورک)ـی پێ بەخشرا لە ماتەوزەی کوردەکان هەم لە ڕەوتی ئۆلی و هەمژی دژە نەتەوەکان کەڵکاژۆی وەرگرت، مستەفا کەماڵ دوای قڕانی ئەرمەنییەکان و شەڕە نێوخۆییەکان بە دژی یونانییەکان، ئاشوور و کورد، وێڕای جینایەتی مەزن و ژینۆساید، بە دامەزراندنی ڕەوتی ناسیۆنالیزم_فاشیزم ـی تورکی توانی دەستەڵاتی تەواو بگرێتە دەست.

لەم نێوەدا ئەوەی بەرچاو بوو ئەوەبوو کە، سەرجەم جووڵە و بزووتنەوەکانی کوردی لە شێخ عوبەیدوڵڵاوە هەتا سمکۆ و شێخ مەحموودی حەفید، هەروەها دیپلۆماسی دەرەوە، چالاکی مەدەنی و سیاسییش نەیتوانی داخوازییە ڕەواکانی کورد وەک ئاوات و ئامانجی نەتەوەیەکی ژێر دەست مسۆگەر بکات و بە دامەزراندنی چەندین وڵاتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین (عێراق، تورکیە، ئوردۆن، سوریە، ئێران و...) گەلی کورد هەر ژێر دەستە مایەوە و تەنانەت بەسەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی فاشیست دابەش کرا. جیا لە هۆکارە نێوخۆییەکانی وەک ناتەبا بوون و پێکەوە نەحاوانەوە و نەبوونی یەک گوتاری و یەکەتی نەتەوەیی، ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی هزریی هۆکاری سەرەکی لەو سەردەمدا ئەوە بوو کە، کورد لە ئاوابەندیی جیهانی بە سەرکردایەتی وڵاتانی ئینگلیس و فەرانسەدا هیچ پێناسەیەکی بۆ نەکرابوو، واتە سیاسەتی ئەو داگیرکارانە شتێکی بەناوی دەوڵەتیی کوردی نەک هەر تێدا نەبوو بەڵکوو بەتوندترین شێوە بەگژ بزووتنەوەکانی ناسیۆنالیستی کوردیدا دەهاتن، بۆ میناک لە شۆڕشیی شێخ مەحموودی حەفیددا، دەوڵەتی بریتانیا تەنانەت بە فرۆکەی شەڕکەر پەلامەری سلێمانیی دا و بە زەوی و حاسمان شەڕی دەگەڵ ئەو کوردانە کرد کە وەک ئەو گەلانەی هاوسێیان خوازیاری حکومەتی سەربەستی خۆیان بوون، ئەمە لەجۆری خۆیدا بێ وێنە و ناوازە بووە.

بە خوێندنەوەی ئێستا و ڕوانینیی دەرەوەی بابەتەکانی ئەو سەردەم، ئەوان سەربەرز بوون و مێژووی هاوچەرخی کوردیی بە مەزنیی یادیان دەکاتەوە کە نەتەوەیی بوون و هەوڵی دامەزراندنی نیشتمانێکی سەربەخۆیان بۆ کورد دەدا، خۆ ڕاستە سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام لە ویژدانی گەلی کورددا بە گەورەیی مانەوە.