کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژئاوا و دیپلۆماسیی بارمتەگیریی کۆماری ئیسلامی

00:59 - 19 جۆزەردان 2723

عەلی بداغی

بڕیاری دەوڵەتی بێلژیک بۆ ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە بری ئازادکردنی هاووڵاتییەکی بەبارمتەگیراوی ئەو وڵاتە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای بەرەوڕووی زۆر پرسیاری جدی لەهەمبەر شێوەی مامەڵەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا کردەوە. هەروەها ئەو ئاکامگیرییە لە بیروڕای گشتیدا کە گۆڕینەوەی هاووڵاتییەکی بێ‌تاوانی مەدەنی لەگەڵ تێرۆیستێک کە بەڵگەی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە دادگایەکی ڕەسمیی وڵاتێکی ئورووپاییدا سەلماوە، جیا لە گاڵتەکردن بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکا و، جیا لە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ڕێژیم بۆ بەردەوام‌بوونی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ناکرێ هیچ مانایەکی دیکەی هەبێت.

مەسەلەکە ڕوونە: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر بارمتەگیری دانا و، بارمتەگیری و باج‌ئەستێنیی ڕێژیم لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە درێژایی چل و چوار ساڵی ڕابردوودا نەک هەر سیاسەتی نەگۆڕ، بەڵکوو بەڕۆژی ئەم ڕێژیمە بووە.

جێی داخە کە مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارمتەگیری وەک ئامرازێکی سیاسی چ بۆ وەرگرتنی دراوە بلۆکەکراوەکانی و ئیمتیازی سیاسی لە دانوستانەکاندا، چ بۆ بەردانی مۆرە سیخوڕ و تێرۆریستە بەندکراوەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، یان بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی جیهانی و دابراندنی ئێران لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووبێت؛ بەهۆی لاوازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاسایی‌بوونی باجدان بە ڕێژیم وەدی هاتوون. تەنانەت ئەگەر ڕیسوایی و ئابرووچوونی وەک "ئێران-کۆنترا" لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی و دەیان حەیاچوونی دیکەی وەک ئەوەی ئێستای بێلژیکی بەدوودا هاتبێ، یان تەنانەت لەو سۆنگەیەوە کۆماری ئیسلامی هیندەی شوو لێ هەڵکێشێ، کە بۆ لەداوخستنی بارمتە سیاسییەکانی عەمەلیاتی ڕفاندن لە وڵاتانی دیکە و لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەڕێوە ببات؛ چونکی پێیان وایە بارمتەگیریی سیاسی لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی سیاسی و دانوستان و مامەڵەکاندا بەباشی بەکار هاتوون و وەڵامیان داوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ستراتیژیستەکانی کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە، واتە بارمتەگیری و باج‌ئەستێنی وەک فاکتەرێک بۆ چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکانی وڵات دەبینن، وەک چۆن لەوەپێش موحسین ڕەزایی، جێگری سەرۆک‌کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئابووری، و دەبیری پێشووی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام لە کاتی دانوستانە ئەتومییەکاندا هەڕەشەی ئەوەی لە ئەمریکا کردبوو کە لانیکەم هەزار هاووڵاتییان لێ بە دیل دەگرن و لەبری بەردانیان بە هەزاران میلیارد دۆلار قەرەبوو لە ئەمریکا وەردەگرن و قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەیانی پێ چارەسەر دەکەن! کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردووشدا دوای ئەوەی توانییان لەبری ئازادکردنی جەیسوون ڕەزاییان ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری نەخت لە ئەمریکا بستێنن، بەردانی نازەنین زاغری، هاووڵاتیی ئێرانی-بریتانیاییشیان بە پێدانی ٤٨٨ میلیۆن دۆلار لەلایەن وڵاتی بریتانیاوە بەستبۆوە. بەڵام چۆنە کۆماری ئیسلامی ئاوای بۆ دەچێتە سەر؟ ڕوونە کە وەڵامەکەی بۆ سیاسەتی ڕۆژاوا و نەرمی‌نواندنەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. وەک چۆن کۆماری ئیسلامی پێشتر ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی کە زیاتر لە ١٥٠ میلیارد دۆلار بوو، وەک پێش‌مەرجی ئیمزاکردنی بەرجام بەسەر لایەنەکانی ڕۆژاوادا سەپاند و ئەمریکا خۆی چەند مانگ دوای ڕاگەیاندنی بەرجام یەک میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن دۆلاری نەختی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرد! جیا لەوەش لەگەڵ هەڵگیرانی گەمارۆکان و ئازادبوونی فرۆشی نەوت بە میلیارد دۆلاری دیکەش کەوتە سەر داهاتی ڕێژیم.

ئەوە کە ئێران هیچ ڕێزێک بۆ بەها و بایەخە جیهانداگر و یاسا نێونەتەوەییەکان دانانێ هەمووان دەیزانن و ڕێژیمێکی تێرۆریست، دیکتاتۆری و دژی‌گەلی هەر ئەوەی لێ دەوەشێتەوە، بەڵام سەیر ئەوەیە چەند مانگ لەوەپێش هەر لەو بێلژیکە کە پرسی بەتێرۆریست ‌ناساندنی سپای پاسداران بۆ پەسندکران هاتە کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئورووپا، جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا بەو بیانووە کە ئەمە چونکی حوکمی هیچ دادگایەکی لەپشت نییە، ناکرێ بخرێتە دەستووری کارەوە و بەوە بابەتەکەی دیزەبەدەرخۆنە کرد. کەچی ئێستا وڵاتێکی هەر ئەو یەکیەتییە ڕێک حوکمی دادگایەکی ڕەسمیی خۆی کە ئەسەدوڵڵا ئەسەدیی سەبارەت بە دەست‌تێداهەبوون لە کردەوەی تێرۆریستیی بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا داوە، دەشکێنێ و وەک دیارییەک پێشکێش بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکات.

بارمتەگیرییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر لە چوارچێوەی بەندکردنی هاووڵاتییەکی بیانیدا و کردنی بە گارتی گوشار لە سەر دانوستانەکان و بۆ ئیمتیازوەرگرتندا قەتیس نابنەوە، بەڵکوو وەک لەو ماوەیە چەند جارێک بینیومانە هێزی دەریایی سپای پاسداران لە ئاوە ئازادەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەردەوام دەستیان بە سەر نەوت‌هەڵگر و پاپۆرەکانی بازرگانیی وڵاتاندا داگرتوە. واش نییە کە ئەمە تەنیا سەرەڕۆیی هێزێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی بێت، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە تەواوەتیی خۆیدا دیپلۆماسیی بارمتەگیری وەک سیاسەتێکی بەبڕشت بۆ ئازادکردنی داراییە دەست‌بەسەرداگیراوەکانی، وەرگرتنی ئیمتیاز لە وڵاتان و بەردانی ئەو مۆرە و کاراکتەرانەی لەسۆنگەی کاری تێکدەرانە، ئەرکی پێ‌سپێردراوی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەورلێدانی گەمارۆکان لە دەرەوەی سنوورەکانیان گیراون؛ ڕەچاو دەکا. لەو پڕۆژەیەشدا وەزارەتی دەرەوە، دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان وەک تیمێکی کاری بە دابەشکردن و جیاکاریی ئەرکەکانیان هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتری دەجووڵێنەوە. دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیمیش بەردەوام هەوڵی داوە دیپلۆماسیی بارمتەگیریی ڕێژیم بەوە پاساو بداتەوە کە مادام لە نەبوونی ڕێوشوێنە ستانداردە حقووقییەکاندا کۆماری ئیسلامی لە دەست‌ڕاگەیشتن بە سەرچاوە ماڵییەکانی فرۆشی نەوت و هەناردەکانی دیکەی بێبەش کراوە، ڕێگایەکی دیکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافە لە بەردەم ڕێژیمدا نامێنێتەوە. هەڵبەت لێرەشدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە بۆچی ڕێوشوێنە قانوونییە نێودەوڵەتییەکان دەفریای ئێران نایەن؟ ئاخۆ جگە لەوەیە کە ئەم دۆخە بەرهەمی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمە لە چوار دەیەی ڕابردوودا؟

کۆماری ئیسلامی مەبەستێکی دیکەش لە سیاسەت بارمتەگیریی خۆی دەپێکێ، ئەویش بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ترس و تۆقاندنە. ڕێژیم کە نایهەوێ کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی کراوە بێت و خەڵکی وڵات پێوەندیی زانستی، هونەری، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی دیکە هەبێ، لەلایەک کەشی ئێران بۆ مانەوەی خەڵکانی بیانی و هاووڵاتییانی دوو تابعییەتی نائەمن و پڕتێچوو دەکا؛ لەلایەکی دیکەش بەردەوام بەدووی ئەوەدایە ئامرازی گوشار بۆ سەر ڕۆژاوای پتر لە بەردەستدا بێت. ڕێژیم کە باش دەزانێ پێوەندیی کراوەی نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئاکادیمی، بازرگانی و هونەری و … لە نێوان ئیلیتەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئێران و، کارتێکەریی ئەو پێوەندییانە لەسەر یەکتری درزی گەورە دەخاتە نێو ئەو دیوارەی بۆ دابڕاندنی کۆمەڵگەی ئێران لەکۆمەڵگەی جیهانیدا هەڵیان‌چنیوە؛ ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو تێچوویەک تەنانەت ئەگەر بە نرخی ناودەرکردنی بە ڕێژیمێکی بارمتەگیر و باج‌ئەستێنیش بێت بەگژی ئەو مەترسییەدا! بچێتەوە.

ڕاستە بەتاوان ناسینی بارمتەگیری هەروەک لە پێرەوی نێوخۆی دیوانی نیونەتەوەیی سزادان (١٩٩٨)دا کە بە یەکێک لە چەشنەکانی جینایەتی جەنگی دادەنرێ، تەعبیر لە هەستیاری و نیگەرانیی قووڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەنیسبەت ئەو تاوانە دەکەن. هەروەها کۆنڤانسیۆنی بەربەرەکانی لەگەڵ بارمتەگیری (١٩٧٩)ش یەکێک لە گرینگترین بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بەو باسەیە کە وڵاتانی ئەندام ئەرکدار بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو بۆ سزادانی بکەرانی ئەو تاوانە دەکا. بەڵام ئەوانە لە سۆنگەی نەرمی‌نواندنەکانی وڵاتانی زلهێزەوە هیچ ڕێگر نەبوون لەوەی کۆماری ئیسلامی بەبارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بوەستێنێ. هەروەها ئەگەرچی سەرەڕای بوونی چەند کۆنڤانسیۆنێکی نێونەتەوەیی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەدژی بارمتەگیری کۆمەڵە یاسایەکی دیکەشی پەسند کردوە کە تازەترینی ئەوانە “جاڕنامەی دژی گرتنی سەرەڕۆیانە لە پێوەندیی نێوان وڵاتاندا”یە؛ بەڵام ڕێژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی خۆی دەروەست بە هیچ ڕێککەوتن و کۆنڤانسیۆنێکی نێونەتەوەیی نەزانیوە. بۆیەشە کۆماری ئیسلامی کە بە چاوی کاڵا سەیری هاووڵاتیانی بیانی لە خاکی خۆیدا دەکا، هەتا ئەوکاتەی هەست بکا بایی ئەوە هەیە بە دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنیان دراوی دەست کەوێ یان مامەڵەیان پێوە بکات، لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت. وەک دەشبینین هەتا پرسی دانوستانەکان دێتە ئاراوە، یان لە شوێنێکی دی و لە هاوکێشەیەکی دیکەدا -کەیسی حەمید نووری بۆ نموونە- کە کۆماری ئیسلامی بەرگژەیەکی بۆ دروست دەبێ، دەمودەست ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی کەیسێکی دەسبەسەرکراوە بیانییەکان دەجووڵێنن و بەوجۆرە خودی کەیسی هاوکێشە گۆرینەکە بەبارمتە دەگرنەوە.

ڕوون و ئاشکراشە هەتا ئەوکاتەی سیاسەتی بێدەنگی و هەڵکردن و باجدان بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن ڕۆژئاواوە درێژەی هەبێت، ڕێژیمیش لە بارمتەگیرییەکانی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی ئابووری و سیاسی لە کۆمەڵگەی جیهانی بەردەوام دەبێت. بەتایبەت کە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان و باشتر وایە بڵێین دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی بارمتەگیری، خۆی لە خۆیدا بەهێزکردنی قەیرانی وەڵامدەربوون (مصونیت) و بۆڵدکردنی پارێزراوبوونی ڕێژیمە لەهەر کردەوەیەکی تێرۆریستی و تێکدەرانە و ڕاکردنیەتی لە بەرپرسایەتی.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠٠ کەسی بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدار داوە و دوای گەڕانەوەی ئەسەدوڵڵا ئەسەدییش هەر بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانییەوە، کامێراکان دیمەنەکانی پێشوازی لەو تێرۆریستە و لەئامێزگرتنی لەلایەن جەهرومی، وتەبێژی دەوڵەتەوە و غەریب‌ئابادی، بریکاری نێونەتەوەیی و دەبیری ستادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی ڕێژیمیان بۆ چوارقوژبنی دنیا گواستەوە، ئاخۆ ئەمە جیا لە پشتیوانی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و دەستەبەری پارێزراوی بۆ پڕکێشی و تەڕاتێنەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی ماف و ئازادییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و خیانەت لە مافی مرۆڤ دەکرێ چ ناوێکی دیکەی لەسەر دابندرێت؟

بێگومان هەتا ئەوکاتەش کە پرسی مافی مرۆڤ و چاوپۆشین لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی قوربانیی ساتوسەوداکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکرێ، ئەم ڕێژیمە بە دەست‌ئاوەڵایی زیاترەوە لە جینایەتەکانی بەردەوام دەبێت و بەشێکی گرینگی بەرپرسایەتیی ئەو تاوان و جینایەتانەش دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی جیهانی.