کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

10:21 - 19 جۆزەردان 2723

خاتوو زیبا مەولاننژاد، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامێکی ناوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی خاتوو زیبا مەولاننەژاد، خەڵکی شاری مەهاباد، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو زیبا، لە بنەماڵەیەکی نیشتما‌ندۆست، کوردپەروەر و شۆڕشگێر لەدایک بووە و هەر لە تەمەنی لاویەتییەوە لەگەڵ بیر و خواستی کۆمەڵگەی کوردستان ئاشنا بووە، ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی دڵسۆز و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات بووە.

گەورەترین ئاواتی خاتوو زیبا مەولا‌ننژاد، ڕزگاری و ئازادیی نیشتمانەکەی بوو کە بەداخەوە تەمەن مەودای بە ئاکام گەیشتنی ئەو ئاواتەی پێ نەدا.

ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە، بەر لە کۆچی دوایی وەسیەتی کردبوو کە لە کاتی مەرگیدا تەرمەکەی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە خاکی پیرۆزی کوردستان بسپێردرێت.

تەرمی خاتوو زیبا لەسەر وەسیەتی خۆی بە ئاڵای کوردستانەوە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو زیبا مەولاننژاد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.