کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر ١٥ نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێران

10:22 - 19 جۆزەردان 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ١٥ نەوتهەڵگری پێوەندیدار بە شیرکەتی میللیی نەوتهەڵگری ئێرانی، خستە لیستی گەمارۆکانەوە. هاوکات کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ئەو هەواڵانەی کە باس لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی لە داهاتوویەکی نزیک لەگەڵ ئێران دەکەن، ڕەت کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارایی دەرەکیی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کە چاوەدەێری بەسەر دانان و جێبەجێکردنی گەمارۆکان دەکات، ڕایگەیاند کە گەمارۆی سەرەتایی خراوەتە سر ١٥ نەوتهەڵگری پێوەندیدار بە شیرکەتی میللیی نەوتهەڵگری ئێران.

ئەو گەمارۆوە نوێیانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێک کە کۆشکی سپی ڕەتی کردووەتەوە، ئەگەری هەیە لەسەر ڕاگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم بە خەستیی ٦٠ لەسەد و بەردەوامیی هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە بەرامبەر ڕێگەدان بە هەناردەکردنی تا یەک میلیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا، ڕێککەوتنی کاتی بکرێت.

هەروەها وتەبێژی ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ''میدل ئیست ئای'' ئەگەری ڕێککەوتنی کاتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی بە درۆ و چەواشەکارانە ناو برد.

هەر لەو پێوەندییەدا چەندین سیناتۆری ئەمریکا گەڵاڵەیەکیان داڕشتووە و لە هەوڵی ئەوەدان کڕینی نایاسایی نەوتی ڕێژیمی ئێران دژوارتر و پشتیوانانی ماڵیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و وڵامدەریان بکەن.