کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی ڕووداوی سروشتی لە ئێران، ٥٩ کەس کوژران و بریندار بوون

10:57 - 19 جۆزەردان 2723

لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە ئێران، بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە، ٥٣ کەس بریندار بوون و ٦ کەسیش گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکانی نێوخۆی ئێران، سەرۆکی ڕێکخراوی ئوڕژانسەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی جۆزەرداندا، بەهۆی کەشوهەوای نالەبار و ڕووداوی سروشتییەوە، لانیکەم ٥٣ کەس بریندار و ٦ کەسیش گیانی خۆیان لەدەست داوە.

جەعفەر مەیعادفەڕ، سەرۆکی ڕێکخراوی ئوڕژانسەکانی ئێران، ڕایگەیاند: چوار کەس لەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە، خەڵکی پارێزگای ئیسفەهان، کەسێکیان خەڵکی ئەهەر و کەسێکی تریشیان خەڵکی ئەراک بووە. هەروەها منداڵێکی هەشت ساڵان لە شارستانی ئەهەر بەهۆی لافاوەوە گیانی لەدەست داوە.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بارینی باران لە شارە جیاوازەکانی ئێران بووە هۆی هەستانی لافاو و بۆرانیش لە هەندێک لە شارەکان زیانێکی زۆری لێ کەوتەوە.

کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە نەبوونی بەڕێوەبەریی قەیران لە ئێران، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیانی زۆری مادی و گیانییە لە کاتی ڕووداوە سروشتییەکان لەو وڵاتەدا.