کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی گڵکۆی یەکێک لە لەسێدارەدراوانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا

12:14 - 19 جۆزەردان 2723

گڵکۆی مەجید کازمی، یەکێک لە لەسێدارەدراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری ئیسفەهان، لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا سووتێندرا.

شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵێکی قێزەونی تردا، گڵکۆی مەجید کازمی، خەڵکی ئیسفەهان کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان دەسبەسەر کرا و دواتر لەسێدارە درا، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونیدا سووتێندرا.

محەممەد هاشمی، یەكێک لە كەسوكارانی مەجید کازمی، وێنەی سووتانی گۆڕەکەی لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا بڵاو کردەوە و نووسیویەتی: ''شەوی ڕابردوو تەلەفۆنیان بۆ خێزانەکەی کرد و وتیان مافی ئەوەتان نییە بۆ ڕۆژی لەدایكبوونی مەجید بچنە سەر گۆڕەكەی.''

لەلایەکی ترەوە عەلی ئادینەزادە، باوکی ئەبولفەزل ئادینەزادە، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، باسی لە تێكدان و شكاندنی شووشەی گۆڕی کوڕەکەی كردبوو و نووسیبووی: تەنیا ٩ ڕۆژ پێش ڕۆژی لەدایکبوونی کوڕەكەم، شووشەی گۆڕەكەی و تۆپی بەردی گۆڕی کوڕەکەمیان شکاند.

 گڵکۆی شەهیدان شۆڕشی ژینا کە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان، مەترسیی خستووەتە نێو دڵی ڕێژیمی ئێرانەوە، بۆیە ڕێژیم دەیهەوێت بە سووتاندن و تێکدانی گڵکۆی شەهیدانی ڕاپەڕین، پێش بە کۆوبوونەوەی خەڵک لەو شوینانە بگرێت.

جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ڕابڕدوو بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، دوو جار شووشەی سەر گڵکۆی شەهید ''ژینا ئەمینیـ''ـیان شکاندبوو و لە ئێستادا لە هەوڵدان دەوروبەری گڵکۆی ئەو شەهیدە بە شێوەیەک تێک بدەن کە خەڵک نەتوانن لەو شوێنە کۆ ببنەوە.