ئەلبورز ڕوویینتەن
بەگوێرەی تیئوریی ڕیئالیزمی سیاسی کەس بە سەر دونیا حوکم ناکات و دونیا پێک هاتووە لە یەکەی دەوڵەتەکان کە لە ئاستی نێونەتەوەیی یەکسانن، نەبوونی حکومەتی جیهانی بە مانای هەبوونی ئانارشیستی لەنێو جیهانیش دێت، هەر بۆیەش وڵاتان لە و ئاناریشیستیە سەرەتا هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە خۆیان بکەن و لە ڕێگەی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و فاکتەری دیکە هەوڵی مانەوەی خۆیان بدەن.
هەر لەو ڕاستایەدا زۆر جار سیاسەتی دەروەی هەر وڵاتێک لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەو وڵاتە پێناسە دەکرێت، بێگومان هەبوونی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری و هاوپەیمانی یا شەڕەکان بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیە یا ویستانەی ئەو وڵاتە شی دەکرێنەوە.
هەر چەند بە گوێرەی هەندێ بووچون لە پەیوەندی نێونەتەوەییدا بە تایبەتی بۆ وڵاتانی دێموکرات مافی و مرۆڤ و دێموکراسی وەک ئەولەویەت باس دەکرێن، بەڵام لە ڕاستی گۆڕەپانی سیاسەتدا ئەو بابەتە لە دێڕی سەر لاپەڕەکانن زیادتر شوێنێکی دیکەی لە پراکتیکدا نییە. کەواتە وڵاتەکان بە دوای بەرژەوەندییەکانیان نەک بابەتی دیکە، وەکو ئەمریکا کە لە تێزەکاندا ئامانجەکانی سیاسەتی دەروەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پشتیوانی بە دێموکراتی کردن دەنووسرێ، لە ڕاگەیاندن بە هەموو دونیا دەڵێ لە شەڕی تیرۆردا یا لە گەڵ ئێمەن یا تیرۆریستان، دوای شەڕێکی قورس و گران کە ملیاردها دوڵار و گیانی هەزاران مرۆڤی تێچووی هەبوو، بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە دەخاتە زیندانێک لە دەروەی خاکی ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێ هەر جورە کارێکیان لەگەڵ بکات، تەنیا دوای بیست ساڵدا دیسان هەر لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە ڕێککەوتن ئیمزا دەکات و وڵاتی پان و گەورەی ئەفغانستانی بۆ بەجێ دێڵێ و زۆربەی وەزیرەکانی تالیبانی بە دەسهەڵات گەیشتووش لەو زیندانییانەی گوانتانامۆ پێک دێ کە تەنیا چەند ساڵ پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە بە بیانووی ئەوەی ئەوانە زۆر مەترسیدارن بەو شێوەیە لە زیندانی کردبوون.
واتە ئەو وتەی بە ناوبانگ کە دەڵێ بەرژەوەندیی تا سەر، نەک دۆستایەتی یا دوژمنایەتی تا سەر لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕەچاو دەکرێ، ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگری پەیوەندی نێونەتەوەییەکانە.
لە حەوتووی ڕابردوو وڵاتی بلژیک لە پێناو ئازادکردنی گیانی هاووڵاتییەکی کە لە لەلایەن ئێرانەوە گیرا بوو، تێرۆریستێکی ئێرانی ئازاد کرد و وەک هەمیشە هاواری دژە تیرۆریستی ئێمەی کورد بەر لە هەموو کەسێک هەڵستا کە چۆن وا دەبێ ئێوە تیرۆریست ئازاد دەکەن.
سەرەتا با ئەوە بڵێین بۆ بلژیکیەکان کە لە پێناو ئازادی هاوڵاتیەکەیان ئەو کارەیان کرد بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان گرینگ بوو نەک تیرۆریستێک ئازاد دەبێ یانە. ئەو هەوڵە تەنانەت ئەگەر لە پێناو پاراستنی هاونیشتمانی خۆشیان بێ هەڵەیە چونکە لە ڕابردووش دیتوومانەو بە بەڵگە سەلمێنراوەبە هۆی ئەو نەرمی نواندنە لە بەرانبەر ئێران ئەوان گیانی هاونیشتمانیی خۆیان خستۆتە مەترسی، چونکە ئێران هەر کات ویستی ئیمتیازێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەرگیرێ بە کردەوەیەکی تیرۆریستی یا ڕفاندن هەوڵ دەدات دانوستاندن بکات و ئمتیازی خۆی وەربگرێ و دواتر دوبارە درێژە بە کارە تیرۆریستیەکانی بۆ وەرگرتنی ئمتیازی زیادتر بدات.
بەڵام بمانهەوێ یا نە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئاوا بیر ناکەنەوە کە واتە زیادتر لە هاواری ڕەخنە پێویستە ئێمەی کوردیش بە گوێرەی یاساکانی یاریەکە یاری بکەین.لە دونیای پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئێمەی پاک و بێگەرد زۆر بە لەرزۆکی دەمێنینەوە، هەر بۆیەش پێویستە ئێمەش بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆمان لە سەروی قسەی ئەم وڵات ئەو وڵاتە دێموکراتیکانە دابنێین لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆمان ئەوەی پێویست بێ بیکەین.
بە باوەڕەوە دەڵێم هەر چۆن تا ئێستا بەرگی شانازی ئێمە ئەوەبووە کە دەست بۆ تێرۆر نەبەین، نابێ لە داهاتووشدا ببەین، نابی بە هیچ شێوەیەک لە پڕەنسیپە مرۆییەکانی خۆمان دور بکەینەوە. بەڵام بمانهەوێ یا نە لە دونیای دڕەندەی نێونەتەوەییدا ناکرێ تەنیا بە گوتاری مافخوازی بە مافەکانمان بگەین، بەڵکوو سەروتر لەوەشی گەرەکە.
ئەوە ویستی ئێمە نیە ڕاستیەکانی دونیایی سیاسەت بە تایبەتی لە ئاستی نێونەتەوەیی وا دەڵێ ناکرێ جیل بە دوای جیل لە ژێر پۆتینی داگیرکەر و دیکتاتوردا بمانسڕنەوەو ئێمەش نیگەران بین کە پێمان نەڵێن بۆ چی توندوتیژن.