عەلی بداغی
پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی پێی وایە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی لە کزیی داوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی توانیویانە بە کەلکوەرگرتن لە دەزگای سەرکوت و داپڵۆسین، پاشەکشە بە خەڵک و جەماوەری گۆڕانخواز لە ئاستی ئێراندا بکەن؛ هەم کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و هەم ناوەندە پلانداڕێژەکانی دەسەڵات خۆیان بۆ وەرزی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەکانیان ئامادە دەکەن.
شۆڕشی نوێی خەڵکی ئێران کە کۆتایی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، و دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد، خاڵوەرچەرخانێک لە مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەکانی خەڵک و دەسەڵات لە ئێرانە. نوختەگۆڕانێک کە هەمووان دەزانن هیچ کام لە لایەنە دژەکانی ئەم ململانێیە بۆ دواوە ناگەڕێنەوە. ڕاستە ناوەندەکانی سەرکوت بە کوشتوبڕی سەدان کەس لە خەڵکی ناڕازیی سەر شەقام، بریندار کردنی هەزاران کەس و پاشان بە قۆڵبەستکردنی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و؛ پاشان بەهۆی دەیان پیلانی ئەمنییەتیی دیکەی وەک ژارخواردووکردنی قوتابییان لە خوێندنگەکان توانی کۆنتڕۆڵی شەقامەکان بگرێتەوە دەست؛ بەڵام بۆخۆیان باشتر لە هەمووان دەزانن کە ئەمە کاتییە و قینی پەنگخواردووی خەڵکی ئێران ئاگری بن خۆڵەمێشە؛ بەتایبەت کە سووڕەتی مەسەلەکە هیچ نەگۆڕاوە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کێشە و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات نەک هەر لە جێی خۆیانن و، بگرە لەسۆنگەی کەڵەکەبوونیان لەسەر یەکتری و هەروەها درێژەی سیاسەتە دژیگەلییەکانی ڕێژیم لە یەکساڵی ڕابردووشدا پتر بارگرانییان لەسەر شان و ژیانی خەڵک دروست کردووە و ئەوانی بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شێلگیر کردووە. مەسەلە ڕوونە و پێوەندیی بەو کەلێنە گەورە هەیە کە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا هەیە. خەڵک هەم کێشەی ئابووری و بژیوی ژیانی هەیە و هەم ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی دەوێ و پاش هەموو ئەزموونەکان و دەرفەتدان بە ڕێژیم بۆ چاکسازی و بەخۆداهاتنەوە ئیدی لە پێکهاتنی هەرچەشنە گۆڕانکارییەک لەو ڕێژیمەدا بێهیوا و تەمابڕاو بوون و چاریان تەنیا لە تێپەڕین لە تەواوەتیی ئەم نیزامە سیاسییەدا دۆزیوەتەوە.
پلانداڕێژانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دوای تەنینەوەی شۆڕشی ژینا لە ئاستی وڵاتدا و کاتێک "نا"ی هەرە گەورەی خەڵکی ئێران بە ڕێژیمەکەیان بیست، لەبری ئەوەی لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکی ڕاپەڕیودا پاشەکشە بکەن و لێگەڕێن بەبێ خوێنڕشتنی پتر پڕۆسەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتدا بەئاکام بگات، کەوتنە خۆ تا بە هەر جۆرێک بێت سەرەتا بە کەمکردنەوەی گوشارە دەرەکییەکان دەستئاوەڵایی زیاتر بۆ سەرکوت لە نێوخۆی وڵاتدا بخوڵقێنن. ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لەگەڵ عەڕەبستانی سعوودی، پێملی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومی، نەویکێشان بۆ ڕۆژئاوا و پەلەقاژە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان بەشێک لەو دیپلۆماسییەن کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ ئاسوودەکردنی خەیاڵی خۆی لە بەرەی دژبەرانی ئەوبەرسنووری خۆی کردوونی. بەڵام لە نێوخۆی وڵاتدا:
پێش هەموو شتێک هەوڵدان بۆ یەکگری و هاوپێوەندیی هێزەکانی سەرکوت. خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم کە هەستی بە ناکۆکی و ڕکەبەریی ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە نیزامییە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمەکەی کردبوو، لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە پێوەندیی نێوان ئەو هێز و لایەنانە بە مەبەستی بردنەسەرێی تواناکانیان لە سەرکوتی ڕاپەڕینەکانی خەڵکدا بەهێزتر بکات. تازەترینی ئەو هەوڵانە کۆبوونەوەی هاوبەشی دوو حەوتوو لەوەپێشی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەشهەد بوو کە لەسەر داوای خامنەیی پێکهاتبوو. ئیسماعیلی خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم نەیشاردەوە ئاکامی کۆبوونەوەکە بۆ هاوکاری و هاریکاری، هاوپلانی و یەکیەتیی عەمەلیاتی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ نەیارانی کۆماری ئیسلامی بووە. ناوبراو لەوەش پتر پێی ڕاکێشا و گوتی لەسەر ئەمری خامنەیی بە یەکڕیزیی هێزەکانیانەوە بەرەوڕووی هەموو ئەو لایەنانە دەبنەوە کە کێشەیان لەگەڵ "ئینقلاب" و "ویلایەت" هەیە و قسە لە گۆڕانکاری، چاکسازی و شۆڕش دەکەن!
پەرەدان بە ئێعدام بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر خەڵک بە بیانووی جۆراوجۆر و یەک لەوان "بەدحیجابی" بەشێکی دیکەی ئەو پلان و پیلانەیە. هەروەها لە کاتێکدا هەژاری و بێئەنوایی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێت و مز و مووچەی مانگانەی کرێکارێک بەشی دە ڕۆژی ناکات و، لەو سۆنگەیەوە پتر لە نیوەی ڕەهای خەڵکی وڵات لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین؛ لە بودجەی گشتیی وڵاتدا سێ میلیارد دۆلاری بە داهاتی ١٧ میلیارد دۆلاریی سپای پاسداران زیاد کرد. ئەو زیادکردنەی بودجە هێزە نیزامییەکانی دیکەی وەک ئەڕتەش، هێزە ئینتیزامییەکان، وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی زیندانەکانیشی گرتووتەوە. بۆ نموونە لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا میلیاردێک و دووسەدوبیست میلیۆن دۆلار بە بودجەی ئەڕتەش، پێنجسەد میلیۆن دۆلار بە بودجەی وەزارەتی ئیتلاعات و دووسەدوسی میلیۆن دۆلار بە بودجەی ڕێکخراوی زیندانەکانی وڵات زیاد کراوە.
بەڵگەنامە هەککراوەکان لەلایەن گرووپی سایبێریی "شۆڕش هەتا ڕووخاندن"یش سەلماندوویانە کە سەرباقی ئەوە فەرماندەکانی سپای پاسداران و هێزە ئینتیزامییەکان بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو داوای دەیان هەزار میلیاردتمەنی دیکەیان لە دەوڵەت کردووە. دوو هیندە زیادکردنی بودجەی دەزگای قەزایی ڕێژیمیش پێمان دەڵێ ناوەندەکانی سەرکوت بۆ گرتن و بەندکردنی چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیم شمشێریان لە ڕوو بەستووە و ئامادەکاریی بۆ دەکەن.
لە بەرەی خەڵکیشدا سەرەڕای کێشە جدییەکانی وەک ناکۆکییە نێوخۆییەکان، پەڕشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن، و دواکەوتنی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی؛ بەڵام خەبات و بەرهەڵستکارییەکانی خەڵک لە شێوازی جۆراوجۆری وەک مانگرتن و ناڕەزایەتییە پیشەییەکاندا و ڕێکخستن و ئامادەکارییەکان بەتایبەت لە سۆسیالمێدیادا دەردەکەون.
بێگومان ئەوەی لەو نێوەدا و بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵک یەکلاکەرەویە، لەلایەک ئەزموونوەرگرتن لە ڕاپەڕینەکانی ساڵی پێشوو، بەتایبەت پرسی یەکگرتوویی بەکردەوەی نێوان خەڵک لە هەموو شار و ناوچەکانی وڵات و هاوبەشیی هاوکاتیان لە شۆڕشدایە و؛ لەلایەکی دیکە زاڵبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات بەسەر ناکۆکییەکانیان و پێکهێنانی بەرەیەکە بۆ هاوخەباتی و چێبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی. ئەرکێک و ڕەسالەتێک کە لەسەر شانی هەمووان قورسایی دەکات.